له ئه‌فغانستان سه‌ربازه ئه‌مریكی و ئه‌فغانیه‌كان به شوێن چوار گومانلێكراوی ده‌ربازبوودا ده‌گه‌ڕێن

له ئه‌فغانستان سه‌ربازه ئه‌مریكی و ئه‌فغانیه‌كان ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی زه‌وی و ئاسمانی كردووه‌ بۆ گه‌ڕان به شوێن چوار گومانلێكراو كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له بنكه‌یه‌كی له‌شكری ئه‌مریكی له ئه‌فغانستان ڕایانكردووه‌.

ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌كان له كابوڵه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا ئه‌و چوار گومانلێكراوه‌ خه‌ڵكی سوریا و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و كوێت و لیبیان. كاربه‌ده‌ستانی له‌شكری ئه‌مریكی ئه‌‌و گومانلێكراوانه‌یان به دوژمنێكی زیانبه‌خش و شه‌ڕكه‌ری وه‌سف كردن و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ زیندانی له‌م بنكه‌ی باگرام ڕابكات.

هاوكات ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ڕایانگه‌یاند كه‌وا 700 سه‌ربازی دیكه‌ بۆ ئه‌فغانستان ده‌نێرن تاوه‌كو یارمه‌تی سه‌قامگیركردنی ئاسایشی ووڵاته‌كه‌ بكه‌ن و دڵنیا بن له‌وه‌ی كه ‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كان له كاتی دیاریكراوی خۆیدا واتا له مانگی نۆی داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێت.