بەرپرسانی نایجیریا وتیان ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی گروپە چەکدارییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتی زەمفارا 200 کەسی تێپەڕاندووە.
هێرشەکان ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە نۆ گوند دەستیانپێکرد و تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام بوون. بەرپرسانی نایجیریا دەڵێن زۆرێک لە گوندنشینەکان کوژراون و تۆمار نەکراون.
دانیشتوانی ویلایەتی زەمفارا دەڵێت هێرشەکان تۆڵەیەک بوون لەسەر هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی سوپای نایجیریا بۆ سەر چەتەکان.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سوپای نایجیریا بۆردومانی حەشارگەی گروپە چەکدارییەکانی لە دارستانی گوسامی و گوندی تامری کرد لە زەمفارا، بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە 100 چەتە کوژراون، دوو سەرکردەی چەتەکانیش لەنێو کوژراوەکاندا بوون.
گروپی چەتەکان بە ماتۆڕەوە هەڵیانکوتایە سەر ناوچەکانی ویلایەتەکە و هەر کەسێکیان ببینیایە تەقەیان لێدەکرد و خانووەکانیان دەسووتاند.
بەرپرسانی ویلایەتەکە سەرەتا وتیان 58 کەس کوژراون، بەڵام دواتر لە ڕۆژی شەممەدا وتیان زیاتر لە 200 لاشە نێژراون و ژمارەیەکی زۆری دیکە بێسەروشوێنن.
هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو یەکێک بوو لە کوشندەترین هێرشەکانی ناوچەکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی نایجیریا دەڵێن زیاتر لە 10,000 کەس ئاوارەبوون و دەترسن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا