ئێران: ژنە خۆپیشاندەرێکی 21 ساڵانی سزادراو بە لەسێدارەدان، دوای کەوتن لە قادرمەی زیندان گەیەندرایە نەخۆشخانە

بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و خانەوادەکەی، ژنێکی ئێرانیی تەمەن 21 ساڵ کە لەسەر خۆپیشاندانەکان دژی حکومەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، ڕۆژی شەممە لەناو زیندان کەوتووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە ئەمەریکایە و ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە، دەڵێن تەرانە ڕەحیمی باری تەندروستیی یەکجار خراپ بووە لە ئەنجامی ڕووداوێک کە رۆژی شەممە ڕوویداوە.

شایانی باسە ڕۆمینا ڕەحیمی کە جمکە خوشکی تەرانەیە لەسەر هەمان کەیس بە زیندانی درێژخایەن سزادراوە.

ئەو جمکە خوشکە لەو سێ بەربژێرە بوون کە بڕیاربوو خەڵاتی ئەمساڵی ساخارۆف بۆ مافەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا وەربگرن. پێشتر هەردووکیان هەڵبژێردرابوون کە نوێنەرایەتی ئەو کەسانە بکەن کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا دادگاییکراون.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکی 2026، دەسەڵاتدارانی ئێران لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و زیندانیکراوەکانیان خێراتر کردووە؛ ئەو کەسانەی کە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە زیندانیی سیاسی ناویان دەبەن. ئەو ڕێکخراوانە دەڵێن ئەو کەسانە لەلایەن دەستەڵاتەوە کوژراون وەک هەوڵیک بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کە کوژانی هەزاران کەسی لێکەوتەوە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت تەرانە ڕەحیمی پێشتر نەشتەرگەریی ئەژنۆی بۆ کراوە و جومگەی ئەژنۆی ئازاری هەبووە. بەپێی ڕێکخراوەکە، ئەو کاتەی بەرپرسێکی زیندان چووەتە لای و قسەی ناخۆشی پێ گوتووە، هاوسەنگیی لەدەست داوە و لە قادرمە کەوتووەتە خوارەوە.

مەسعود نورمحەمەدی خاڵۆزای تەرانە کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەدات لەبارەی کەیسەکەی، بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وت "گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، پێدەچێت ئەوان (پاسەوانەکان) لە قادرمە فڕێیان دابێتە خوارەوە."

هێشتا نەتوانراوە دەستبەجێ وردەکاریی ڕووداوەکە پشتڕاست بکرێتەوە و زانیاریی زیاتریش لەبارەی باری تەندروستییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

تەرانە ڕەحیمی و خوشکەکەی لە مانگی یەک دەستگیر کران، کەمێک دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان گەیشتنە لوتکە. لە مانگی هەشتدا سزای لەسێدارەدان بۆ تەرانە دەرکرا، و ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دادگاییەکەی بە "دادگاییەکی یەکجار ناعادیلانە کە ئەشکەنجەی تێدا بەکارهاتووە" ناو برد.

ڕۆمینا رەحیمی خوشکیشی بە 36 ساڵ زیندانی سزادرا.

لەپاڵ زیاد لە دوازدە تۆمەتباری دیکە، ئەو دوو خوشکە تۆمەتبارکرابوون بە تێوەگلان لە مەرگی ئەندامێکی سوپای پاسداران و کەسێکی بێلانە لە مەیدانی شەهیدانی ئەسفەهان لەوادەی خۆپیشاندانەکاندا. داکۆکیکارانیان دەڵێن ئەو تۆمەتانە پڕوپوچن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، تەرانە ڕەحیمی یەکێکە لە لانیکەم هەشت ژن لە سەرتاسەری ئێران کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوە لەسەر تاوانی ئەمنی یاخود پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانەوە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکەوە لانیکەم 39 کەسی لەسێدارە داوە، و هۆشداریش دەدەن کە سەدان کەسی دیکە هێشتا لە مەترسیی لەسێدارەداندان.