کۆمپانیای فوگۆی تورکیایی بۆ خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی، کە بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران خراوەتە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە، ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی دووشەممە 30 ی مانگی یازدەوە چالاکییەکانی ڕادەگرێت.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە سزاکانی ئەمەریکا ئاستەنگی جددییان بۆ بەردەوامبوونی چالاکییەکانی دروست کردووە و دۆخی ئێستا چیتر ناتوانرێت بەردەوام بێت.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە 4 ی مانگی یازدەدا بەهۆی چالاکییەکانی کۆمپانیای فوگۆوە لە کەرتی فڕۆکەوانی ئێراندا، سزای بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا سەپاندبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینە، کۆمپانیای فوگۆ گرێبەستی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شەش کۆمپانیای ئاسمانی هەیە، کە بریتین لە ئێران ئێر، ساها، سپێهران، ڤارش، تابان و ئاتا، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ، کە هەر شەش کۆمپانیاکەش پێشتر ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا بوونەتەوە.