گیان لەدەستدانی دوو کۆچبەر و ڕزگارکردنی سەدانی دیکە لە کەناراوەکانی یۆنان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژی شەممەی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 400 کۆچبەریش لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە کەناراوەکانی هەردوو دوورگەی گادفۆس و کریت لە یۆنان ڕزگارکران.

بەگوێرەی ئاژانسی هەوڵی 'ئان'ی یۆنانی و دەسەڵاتی بەندرەکان، لە باشوری گادۆس تەرمی دوو کەس دۆزراونەتەوە لە کاتی ڕزگارکردنی 41 کەس کە هەوڵی گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپایان دەدا.

ئەو ڕزگارکردنەش لە هەڵمەتێکی هاوبەشدا لەنێوان تیمەکانی ڕزگارکردنی یۆنان و ئاژانسی پاسەوانی سنور و کەناروەکانی ئەوروپا ئەنجامدرا.

پاسەوانی کەناراوەکان ڕایگەیاند کە شەش هەڵمەتی ڕزگارکردنی بەلەمی کۆچبەرانیان لە ئێوارەی هەینییەوە ئەنجامداوە لە کەناراوەکانی گادۆس و کریت، کە بە تێکرا 391 کەسیان ڕزگارکردووە.

لە یەکێک لەو هەڵمەتانەدا کە ڕۆژی شەممە ئەنجامدرا، 102 کۆچبەر کە لە نێویاندا 16 ژن و پێنج نەوجەوان هەبوون، گواستراونەتەوە بۆ بەندەری هیراکلیۆن کە شاری سەرەکییە لە دورگەی کریت.

هیچ زانیارییەکیش لەبارەی وڵاتنامەی هیچکام لە کۆچبەرەکان و ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون بڵاونەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە زانراوە زۆرێک لە هەوڵەکانی پەڕینەوە لە لیبیاوە ئەنجام دەدرێن.

ڕووداوەکانی نوقبوون لە کەناراوەکانی کریت لە زیادبووندان بەهۆی هەوڵەکانی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست کە پڕ مەترسییە و زۆرجار دووچاری ڕەشەبای توند و شەپۆلی بەرز دەبنەوە.

بەگوێرە دەسەڵاتی بەندەرەکە لە سەرەتای ئەم مانگەشدا 22 کۆچبەر لە کەناراوەکانی کریت گیانیان لەدەستداوە.

ئەو کاتیش ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەریی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە "زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەم ساڵدا ڕێگەی درێژ لە خۆرهەڵاتی لیبیاوە تاوەکو کریت، یان گرتۆتەبەر."