سەدان پیاو لە نەمسا لە دژی توندوتیژی دژی ژنان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

سەدان پیاو ئەمڕۆ شەممە لەبەردەم پەرلەمانی نەمسا خۆپیشاندانیانکرد و داوای دانانی سنورێکیان کرد بۆ توندوتیژی دژی ژنان و دروشمی "سیستەمی پیاوسالاریی دەکوژێت" و "چاولێپۆشین دەتکاتە بەشدار"یان بەرز کردبوویەوە.

مانفرێد زایسبێرگەر چالاکوان و بەشدار لە خۆپیشاندانەکە وتی "هیچ پاساوێک نیە بۆ توندوتیژی دژی ژنان."

ئەندرێیاس نیفلاکسیل نوێنەری ڕێکخراوی "قردێلەی سپی نەمسا" و ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە، وتی "ئێمەی پیاو بۆ ماوەیەکی درێژە بێدەنگ ماوینەتەوە، دەبێت ئەم بێدەنگییە کۆتایی بێت."

ئەمە دووەم خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە نەمسا لەدوای خۆپیشاندانەکەی مانگی سێ کە پیاوان ڕابەرایەتی دەکەن لە دژی توندوتیژی دژی ژنان.

دانیاڵ کوفاکسی تەمەن 41 ساڵ کە خۆی گرافیک دیزاینەرە و بەشداریی لە خۆپیشاندانەکەی شەممەدا کردووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت "پێویستە پێکەوە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەین. من هاوڕام لەگەڵ ئەو وتەیەی کە دەڵێت پیاوان هەم کێشەکەن و هەم چارەسەریش."

لە سەرتاسەری جیهانیشدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن کە داوای سنوردانان بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی دەکەن ، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان لەم هەفتەیەدا.

بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی نەمسا لەو وڵاتەدا لە هەر سێ ژن، ژنێک لە قۆناغەکانی ژیانیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی دەبێتەوە.

و بەگوێرەی دەستپێشخەرییەکی "قردێلەی سپی نەمسا" کە لەو بوارەدا چالاکە، دەکرێت هەوڵەکانی ڕێگرتن لە توندوتیژی دژی ژنان بەهێزبکرێن ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی زیاتری ڕاوێژ بۆ کوڕان و پیاوان.

یەکێکیش لە داواکارییە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە، گرتنەبەری ڕێکاری جدی و توندە لە دژی هەر ناوەڕۆکێکی بڵاوکراوە لەسەر ئینتەرنێت کە بانگەشە بۆ توندوتیژی دەکات. ئەم ڕێکارانەش دەبێت بە ئامانجگرتنی ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی خۆیانەوە، برەو بە ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەدەن.

ساڵی پار وڵاتی نەمسا پلانێکی پێنج ساڵەی گرتەبەر کە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و ڕێکارەی دیکە لەخۆدەگرێت بە ئامانجی ڕێگرتن لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دیکەی هاوشێوە کە لەبەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێن.

ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە نەمسا 20 ژن لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون، ئەمەش بەگوێرەی "کۆمەڵەی سەربەخۆی شەڵتەرەکانی ژنان لە نەمسا"، ئەویش بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان کە تێکڕای کوشتنی ژنان ساڵانە 25 ژنە لە ساڵی 2019وە، لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنیا نۆ ملیۆن کەسە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە چەند رۆژێک لەمەوبەر نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە لە ساڵی 2025دا لە سەرتاسەری جیهاندا نزیکەی پێنج کچ و ژن لە هەر کاتژمێرکدا لەلایەن کەسوکارە نزیکەکانیانەوە کوژراون لەوانە، هاوسەر یان خۆشەویستەکانیان، ئەم ژمارەیەش تاڕادەیەک بە جێگیریی ماوەتەوە بەراورد بە ساڵانی پێشتر.