هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا لە عێراق دەکات ڕێز لە پێگەی هەرێمی کوردستان بگرێت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ( دەم پارتی)، تونچەر بەکرهان، داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێز لە پێگەی کورد بگرێت.

تونچەر بەکرهان لە کۆنگرەی پارتەکەیدا کە ڕۆژی شەممە لە قەرس بەڕێوەچوو، وتی: کورد بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی ناوچەکەی بنیات ناوە.

بەکرهان گوتیشی، عێراقێکی ئاوەدان بە ئاشتی لەگەڵ کورد دەستەبەر دەبێت، داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەم ڕێز لە پێگەی کورد بگرێت.

بەکرهان ڕاشیگەیاند، نابێت حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک بنێت کە زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.

ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی وزە پەرەی سەندووە.

ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیای دراوسێدا بەڕێوەدەچێت.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە کۆبوونەوەکەی پێنجشەممەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە کار بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکان لەگەڵ عێراق و سوریا لە هەموو بوارەکاندا دەکات.