دوو دەزگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی هۆشدارییان دا کە برسێتی لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا لە 16 ناوچەی مەترسیداری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر دەبێت، هاوکات مەترسیی قاتوقڕی و گرانی هەڕەشە لە بەشێکی کیشوەری ئەفریقا دەکات.
لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا، هەردوو ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) و بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایانگەیاند کە ململانێی چەکداری، دۆخی سەختی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی، هەڕەشە سەرەکییەکانن بۆ سەر ئاسایشی خۆراک.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە داوە کە ململانێکان و بەرزبوونەوەی تێچووەکان بوونەتە هۆی خراپتربوونی برسێتی لە 12 ناوچە لە کۆی ئەو 16 ناوچە مەترسیدارە، لە کاتێکدا دیاردەی کوشوهەوای 'ئێل نینۆ' هەڕەشەی وشکەساڵی لە باشووری ئەفریقا و ئەمەریکای ناوەڕاست و لافاو لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سودان، باشوری سودان، سۆماڵ، بەشێک لە نایجیریا و یەمەن وەک ئەو ناوچە مەترسیدارانەی برسێتی دەمێننەوە کە زۆرترین جێگەی نیگەرانین. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە قاتوقڕی هەڕەشە لە 13 ناوچەی سودان و بەشێک لە باشوری سودان دەکات، لە کاتێکدا شارۆچکەی بایدۆوا لە باشوری ڕۆژئاوای سۆماڵ ڕووبەڕووی ئاستی بەپەلەی برسێتی بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەفغانستان، هایتی، کۆنگۆ و ناوچە فەڵەستینییەکانیش وەک ئەو شوێنانە دەمێننەوە کە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بەرزن، سەرەڕای باشتربوونی ئاسایشی خۆراک لە غەززە لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی دەی 2025ـەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی فاو، چو دۆنگیو، گوتی، ''دیاردەی ئێل نینۆ لە چڕبوونەوەدایە، کە هەڕەشە لە بەروبووم و دروێنە دەکات لەو ناوچانەی پێشوەختە لاوازن و مەترسیی نەبوونی ئاسایشی خۆراکی توند زیاد دەکات.'' ناوبراو گوتیشی،''بەڵام خراپترین دەرەنجامەکان حەتمی نین.''
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ململانێ و توندوتیژیی چەکداری لەنێو هۆکارە سەرەکییەکانی برسێتیدا دەمێننەوە لە 12 ناوچە لە کۆی 16 ناوچە مەترسیدارەکە. هەروەها بودجەی مرۆیی بۆ ئاسایشی خۆراک لە پێنج ناوچەدا، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لە نێوان ساڵانی 2022 و 2025 دا بە ڕێژەی %62 دابەزیوە.
لوک جەی لیندبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی، گوتی، ''داوام لە هەموو نەتەوەکان کردووە قاتوقڕی بخەنە ناو کتێبەکانی مێژووەوە. ئەم ڕاپۆرتە پێمان دەڵێت قاتوقڕی لە کوێدا ڕەنگە دواتر ڕووبدات، بۆیە کاتی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکەمان ئێستایە.''
لیندبێرگ داوای کۆتاییهێنان بە ململانێکان، دابینکردنی بودجەی مرۆیی پێویست و گەیشتنی پارێزراویی بە کۆمەڵگە لاوازەکان کرد و گوتی، ''ئەمە کێشەی توانای کارکردن نییە، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سەرکردەکانی جیهان بوێریی سیاسییان هەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەنگاو بنێن.''
هەردوو دەزگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەهاناوەچوونی مرۆیی بەپەلەیان کرد لە سەرجەم 16 ناوچە مەترسیدارەکەدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی مەترسیی قاتوقڕی دەبنەوە.