سەرۆک ترامپ دەڵێت خۆی بڕیار دەدات کەی ململانێی ئێران کۆتایی دێت

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، دەڵێت خۆی بڕیار دەدات کەی ئەو ململانێیەی کە ئێستا لە نۆیەمین مانگیدایە لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت. هاوکات گومانی خۆی دەربڕی لەوەی تاران بە مەرجەکانی ئەمەریکا ڕێککەوتن بکات.

سەرۆک ترامپ لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە مارالاگۆ بەبۆنەی جەژنی سوپاسگوزارییەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوەیان پێ کراوە، لەنێویاندا هەندێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرن، گوتی، ''بە ڕاشکاوی، هەر کاتێک خۆم بمەوێت، بە جۆرێک هەر کاتێک خۆم بمەوێت، وا دەبێت.''

سەرۆک ترامپ گوتیشی، ''ئێمە هەموو دەرفەتێکیان دەدەینێ بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکەن و ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەن. بەڵام دڵنیا نیم کە ئایا سوود لەوە وەردەگرن یان نا. هەندێک کەس دەپرسن بۆچی.''

سەرۆک ترامپ بە سەربازەکانی گوت، کە هەندێکیان لە سعودیە و ئیماڕات جێگیرن، کە ئەوان ئەمڕۆ و ''نەوەکانی داهاتووی'' ئەمەریکا دەپارێزن وەک بەشێک لە ئەرکێک بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆک ترامپ هەفتەیەک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە دابوو کە بژاردەکانی خۆی سەبارەت بە ئێران بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و ڕەنگە بڕیاردان لەسەر هێرشی سەربازی تاوەکو ساڵی نوێ دوابخات.

نوێترین لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لەو ڕۆژەدا هاتن کە دوو تەکنیکاری ئیتاڵیا کە بۆ کۆمپانیایەکی بەرگری کاریان دەکرد، بەپێی حکومەتی کوەیت، لە هێرشێکی درۆنی ئێراندا لە کوەیت کوژران. کۆمپانیای ڕاینمێتاڵ ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەو دوو کەسە پشتیوانی تەکنیکییان بۆ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی دابین دەکرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی بەرپرسیار بێت لەو هێرشەی کە بە ''گوماناوی'' ناوی برد. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە عێراقچی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا کوەیتی و ئیتاڵییەکانی، شێخ جابر ئەحمەد سەباح و ئەنتۆنیۆ تاجانی ئەنجام داوە و تێوەگلانی ئێرانی لە هێرشەکەدا ڕەت کردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس گوتی، ''ئێمە ئامادەین لەگەڵ کوەیت و ئیتاڵیا هاوکاری بکەین بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕووداوەکە.''

سەرەڕای ڕەتکردنەوەکەی تاران، کوەیت و ئیتاڵیا جەختیان لەوە کردەوە کە ئێران لە پشت هێرشەکەوەیە. تاجانی لە لێدوانێکدا بۆ ئەنجوومەنی سیناتی ئیتاڵیا گوتی ''درۆنەکانی دروستکراوی ئێران'' دامەزراوەیەکی سەربازیی کوەیتییان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی ''تەقینەوەیەکی بەهێز '' کە دوو ئیتاڵیاییەکەی کوشت.

سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ''دەستدرێژییە دڕندانەکەی ئێرانی'' دژی کوەیت سەرکۆنە کرد. ئیماڕات هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بە ''دوژمنکارانە'' وەسف کرد، هاوکات قەتەڕ و بەحرەینیش هێرشە ''نوێبووەوەکەی'' ئێرانیان بۆ سەر کوەیت سەرکۆنە کرد.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشەکە، پرسیارەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکە ئاڕاستەی بەرپرسانی کوەیت کرد.

ئێران بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، کە هەندێکیان میوانداریی بنکەکانی ئەمەریکا دەکەن، دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.

پێش هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، ئێران لە 18ـی مانگی یازدەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر سیستمەکانی بەرگریی ئەمەریکا لە کوەیت، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر هێرشێکی ڕاگەیەندراوی ئەمەریکا بۆ سەر دوورگەی قشم لە ڕۆژێک پێشتر. فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە هێرشەکەدا زیانیان پێ نەگەیشتووە.