ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی توانیویانە تیرۆریستێکی باڵای حەماس لە هێرشێکدا لەناوبەرن. ئەمەش دەبێتە سێیەم سەرکردەی دیاری ئەو گرووپە کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە فەڵەستین کراونەتە ئامانج و کوژراون.
هێزەکانی ئیسرائیل لەم هەفتانەی دواییدا هێرشەکانییان بۆ سەر هەڵسوڕاوانی حەماس لە غەززە چڕ کردووەتەوە، پاش ئەوەی گروپەکە ڕەتیکردەوە لەچوارچێوەی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2025، کە بە ناوەندگیری سەرۆک دۆناڵد ترامپ سازدرا، چەک دابنێت .
بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە، پێویستبوو حەماس چەک دابنێت و ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە، لەسەر بنەمای چەکداماڵینی ناوچەی غەززە. هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل دوو لە سەر سێی کەرتی غەززەیان داگیرکردووە لە هێرشی بەرپەرچدانەوەیان بۆ هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی دەی 2023.
لە وتەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی پێنجشەممە، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایانگەیاند هێرشێک کە بە شەو ئەنجامدراوە بووەتە مایەی لەناوبردنی خالد ئەبو نەدا، کە بەرپرسیاربووە لە پرسی ئابوری و خوێندنی ڕژێمی تیرۆریستی حەماس لە غەززە. ئاژانسە هەواڵییە خۆرئاواییەکان بە ئاماژەدان بە چەند سەرچاوەیەک لە غەززەوە مەرگی ئەبو نەدایان پشتراست کردەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل وتیشیان کە هێرشی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بوونەتە مایەی کوژرانی محەمەد ئەبو عەلوف، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی حەماس لە باکوری غەززە، و ڕۆژێک پێشتریش فەرماندەیەکی ئەو هێزە بەناوی نەعیم ئەبو نەحال کوژراوە.
نەتانیاهو و کاتز وتیان، "لەماوەی مانگی ڕابردوودا، نزیکەی 80 تیرۆریستی حەماس لەناو براون و هێزەکانمان ببەردەوام دەبن لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەر تیرۆریستێکی ئەو ڕێکخراوە و لێپرسینەوە لێیان." هەروەها وتیشیان، "هیچ تیرۆرستێک پارێزراو نابیت و هیچ کەس لە سەرکردایەتی حەماس دەرباز نابێت لەدەستمان."
لە وتەیەکی دیکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، کاتز دەڵێت هێزەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵی 70٪ـی کەرتی غەززەیان بەدەستە و کۆنترۆڵی حەماس بەسەر ئەو 30٪ـی کە ماوە تەنها "خەیاڵە."
کاتز وتی، "یان ئەوەتا خۆویستانە چەک دادەنێن و غەززە بە گوێرەی پلانەکەی سەرۆک ترامپ لە چەکداریی پاکدەکرێتەوە،" یاخود سوپای ئیسرائیل لە هێرشێکی سەربازیی نوێدا چەکیان دەکات. وتیشی ئەو کارە دەبێتە مایەی گواستنەوەی یەک ملیۆن فەڵەستینی دیکە بەرەو باشوری غەززە تاوەکو ژێرخانی تیرۆریستییان لە باکور تێکبدرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەمودەست وەڵامی داوای دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە لەبارەی هەڵویستیان بەرامبەر لەناوبردنی سێ کەسی دیاری حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە لەم هەفتەیەدا.
مایک هەکەبیی، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە ئێکس ڕۆژی چوارشەممە وتی کە حەماس هەوڵدەدات "خۆی وەک قوربانی پیشان بدات" لە ڕێگەی بەرگرتن لە بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی بوژاندنەوەی غەززە. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو بوژانەوەیە لە سایەی پلانی ترامپدا دەبێت. هەروەها حەماس وایکردووە خەڵکی ئاوارەی غەززە لە وادەی زستاندا لەناو خێوەتەکاندا بمێننەوە.
هەکەبی نوسیویەتی، "دەیانەوێت جیهان ئەو کوشتارگەیە لەبیر بکات کە ئەو دڕندانە لە 7ـی ئۆکتۆبەردا 1200 کەسی مەدەنییان کوشت، کە لە نێویاندا 48 ئەمەریکایی هەبوون و 251 کەسیشیان بەبارمتەگرت کە لە نێویاندا 18 ئەمەریکایی هەبوون."
جێرید کوشنەر، زاوای سەرۆک ترامپ و نێردەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە رڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە وتی کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ترامپ هیواخوازە "بتوانین بەرەوپێش بچین و بەڕاستی هەوڵبدەین غەززە لە چەک دابماڵین و ئینجا بونیاتی بنێنن بە جۆرێک کە بتوانێت پڕ لە ئاشتی بێت و خەڵکی غەززەش ژیانێکی شایستە بژین."
هەروەها کوشنەر لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوەش کردووە کە ڕازیبوونی حەماس بە دانانی چەکەکانی لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەستی ترامپدا "بابەتێکی سەرەکییە."
هەروەها وتووشیەتی، "ئێستا پێویستمانە وا لە ئیسرائیل بکەین متمانە بکات بەوەی کە ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم کارە بکەین، ئەوا قۆناغ بە قۆناغ دەکرێت، بەشێوازێک کە بتوانرێت پشتراستبکرێتەوە. بڕوام وایە کە ئێمە میکانیزمی زۆر باشمان داناوە بۆ پشتراستکردنەوەی."