فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق: چاودێری ئەو کەناڵ و پێگانە دەکەین کە سوکایەتی بە دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەکەن

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند لە نزیکەوە چاودێری ئەو ناوەڕۆکانە دەکات کە لە ڕێگەی کەناڵەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە و "سوکایەتی بە دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە دەستوری و ئەمنی و سەربازییەکانی دەکەن" و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە و دابەشبوون لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا.

خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ هەینی، 27ـی یازدەی 2026، بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ 'لیژنەی بەدواداچوونی ناوەڕۆکە ڕەگەزپەرستانە، مەزهەبی، ئەتنیکی و ڕەچەڵەکییەکان،' لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لیژنەکە "دەست بە دەست دەگەڕێت" و چاودێری خستووەتە سەر ئەو وتار و ناوەڕۆکانەی "سوکایەتی بە دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە دەستوری، ئەمنی و سەربازییەکانی دەکەن، جگە لەو ناوەڕۆکانەی کە دەبنە هۆی هەڵگیرساندنی ناکۆکییە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان، بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە و بەهێزکردنی دابەشبوون لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق؛ بە تایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ناڕەزاییدەربڕین لە بەرامبەر ڕێکارە حکومییەکانەوە هەیە، کە ئامانجیان پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخە."

لیژنەکە دەڵێت جەخت دەکاتەوە کە ئازادی ڕادەربڕین مافێکی یاساییە و بە گوێرەی ماددەی 38ـی دەستوری عێراق مسۆگەر کراوە. "بەڵام پێویستە بەکارهێنانی ئەم مافە لە چوارچێوەی یاسادا بێت و نابێت ببێتە داپۆشێک بۆ سووکایەتیکردن بە دەوڵەت یان دامەزراوەکانی، یان هاندانی ڕق و کینە و جیاکاری."

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی داوە بەوەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو و ماددەکانی 202 و 226 ئەو یاسایە، دژ بەو ناوەڕۆکانە بەکار دەهێنێت.

بەیاننامەی لیژنەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ''پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و پاراستنی ماڵی گشتی، بەرپرسیارێتییەکی حاکمییەتی و یاساییە و ئامانجی پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەک یان پارێزگایەک نییە؛ بەڵکو لە پاراستنی مافەکانی هەموو هاووڵاتیانی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، بە تایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، وەک هاوبەشانی ڕەسەنی ئەم وڵاتە و سامان و داهاتووی."

دەشڵێت، "جەخت لەوە دەکەینەوە کە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دامەزراوەی نیشتمانین و نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان دەکەن؛ سووکایەتیکردن بەوان یان بەکارهێنانی وتاری نەتەوەیی و ئەتنیکی بۆ سووکایەتیکردن بەوان، خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکات؛ بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئەو دابەشبوونانە بەهێز دەکات کە پێویستە هەمووان هەوڵی دوورکەوتنەوەیان بدەن."

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت بەدواداچوون بۆ ئەو وتارانە دەکات و دەیانگوازێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێگای یاسایی "بەبێ هەڵبژاردن و هیچ جۆرە هەڵاوێردنێک."