سەرۆک ترامپ پشتگیری لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی دەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو عێراقدا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی، 27ـی یازدەی 2026، پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەربڕی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سەرتاسەری عێراقدا.

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ نووسی، "ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سەرتاسەری عێراقدا، ڕێگریکردن لە قاچاخچێتیی نەوتی عێراق، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها نووسی، "ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران زەیدی بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو، خۆشگوزەران و بەهێز دەکەین، کە خۆی بڕیارە سیاسییەکانی خۆی بدات."

پۆستەکەی سەرۆک ترامپ ماوەیەکی کەم دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستانی بە قاچاخچێتی نەوت تۆمەتبار کرد. عەبودی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، ڕایگەیاند بەهۆی قاچاخچێتی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، لە نێوان ساڵانی 2008 هەتا 2025، عێراق بە خەمڵاندن نزیکەی 100 ملیار دۆلاری لەدەست داوە.

ڕوون نییە حکومەتی عێراق بە چ شێوازێک ئەو بڕە پارەیەی خەمڵاندووە کە گوایە لە ڕێگەی قاچاخی نەوتەوە لەدەست دراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دوو دەروازەی سنووریی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان لەگەڵ سوریا و ئەوی دیکەیان لەگەڵ ئێران داخران.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق بە هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دادەنێت.

لە کاردانەوە بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق، دوێنێ هەزاران کەس لە هەولێر و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد.