حوسییەکان هێرش دەکەنە سەر پاڵاوگەیەکی دیکەی نەوتی سعودیە 

دیمەنی هێرشێکی پێشوو بۆ سەر پاڵاوگەیەکی سەر بە ئارامکۆ لە باشوری ڕیاز لە ڕۆژی 3ـی دەی 2026.

هاوپەیمانی سەربازیی بە سەرکردایەتی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە حوسییەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی جازان لە سعودیە، ئەمەش ڕۆژێک دوای بەئامانجگرتنی گەورەترین پاڵاوگەی شانشینەکە.

گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە، تورکی مالیکی، لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و هۆشداری دا کە ئەو هێرشانەی هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج ''بە وەڵامێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە" ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

پاڵاوگەی جازان، کە دەکەوێتە نزیک سنووری یەمەن، توانای پاڵاوتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە لە ڕۆژێکدا. مالیکی هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە زیانە گیانییەکان یان زیانەکانی دامەزراوەکە نەخستە ڕوو.

دواتر هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی لە یەمەن لەناو بردووە کە بە گوتەی خۆی لە هێرشەکەدا بەکار هاتووە.

حوسییەکان، کە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسراون، ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی ڕەئس تەنوورەی سعودیە کە گەورەترین پاڵاوگەی شانشینەکەیە. پاڵاوگەکە وەک وێستگەیەکی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعودیە کار دەکات.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، یەحیا ساری، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند کە هێرشەکان وەک ''تۆڵەسەندنەوە'' بوون لە بەرامبەر هێرشەکانی هاوپەیمانی بۆ سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن. ساری گوتی گرووپەکەی ''دوودڵ نابێت'' لە تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر حودەیدە و هەڕەشەی کرد کە ''قووڵایی" خاکی سعودیە دەکەنە ئامانج.

مالیکی ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی دا بەوەی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانی بەرپەرچی چوار درۆنی داوەتەوە لە ئاسمانی ڕەئس تەنوورە و درۆنێکی دیکەشی لە نزیک بەندەری ئیسلامی جەددە تێکشکاندووە. ڕۆژی پێنجشەممەش ڕایگەیاند کە دوو درۆنی دیکەی حوسییەکان لە ئاسمانی پارێزگای ڕۆژهەڵات تێکشکێنراون.

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی بەرگری شارستانی سعودیە ڕایانگەیاند لە هێرشێکدا کە ڕۆژی سێشەممە کرایە سەر ناوچەی دارایی ڕیاز، 11 کەس بریندار بوون. دەسەڵاتدارانی سعودیە گوتیان بریندارەکان بریتین لە دوو هاووڵاتیی سعودی، دوو هیندی، سێ نیپاڵی و چوار میسری.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی سێشەممە سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانی کرد بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و وزەییەکانی سعودیە. بەیاننامەکەی ڕوبیۆ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هات لە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعودی وەزیری دەرەوەی سعودیە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن هێرشەکانی حوسییەکان لە یەمەن و دژی سعودیە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و کەشتیوانی دەریایی. لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە، ''وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیان لە پێویستیی ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز و بابولمەندەب کردەوە.''

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

دوای هێرشە ڕاگەیەندراوەکان بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکەی سعودیە، ڕۆژی چوارشەممە نرخی نەوت لە جیهاندا بەرز بووەوە، ئەمەش لە ناوەڕاستی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری پچڕانی دابینکردنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نرخی نەوتی خاوی برێنت کە پێوەری جیهانییە بە ڕێژەی %0.9 بەرز بووەوە و گەیشتە 92.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمەریکایی بە ڕێژەی %0.45 بەرز بووەوە و گەیشتە 82.42 دۆلار.

پێشتریش هێرشەکانی حوسییەکان بوونەتە هۆی پەکخستنی کارەکانی ئارامکۆ، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان و بۆنە گەورەکان لە سعودیە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، حوسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراواندا گرتووە بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەرەو عەدەن پێشڕەوییان کردووە کە پایتەختی کاتی حکومەتی یەمەنە و لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەکرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێ دانراوە.

یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە لە ململانێدایە، لەو کاتەوەی حوسییەکان دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەختدا گرت. هاوپەیمانییەک بە سەرکردایەتی سعودیە لە ساڵی 2015 دەستوەردانی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن. شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی حەوتدا دەستیان پێکردەوە و کۆتاییان بە ماوەیەک لە ئارامیی ڕێژەیی هێنا کە دوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 بە نێوەندگیریی ئەمەریکا هاتبووە ئاراوە.