نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، جێرید کوشنەر، ڕایگەیاند کە پێویستە ئیسڕائیل لە کاتی دانوستاندن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ''عەقڵییەتی کاتی جەنگ'' وەلابنێت، و هەوڵەکانی ئەمەریکای بۆ دابینکردنی ئاشتی لە غەززە دوپات کردەوە.
کوشنەر ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەکسل سپرینگەر، ماتیۆس دۆفنەر، داوای لە ئیسڕائیل کرد ئاڕاستەی ستراتیژیی خۆی بگۆڕێت، ستایشی ئەو ڕێککەوتنەی کرد کە کۆتایی بە جەنگی غەززە هێنا، هەروەها ڕەخنەی لە مامەڵەی ئەوروپا لەگەڵ پرسی ئێران گرت.
کوشنەر باسی لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی کەرتی غەززە و مسۆگەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان کرد و دانی بەوەدانا کە هەنگاوەکە ڕووبەڕووی دژایەتی بووەوە لە ئیسڕائیل. گوتی، ''لە ئیسڕائیل ڕەخنەی زۆرمان لێ گیرا لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس گفتوگۆ دەکەین، بەڵام گوتمان چۆن دەتوانیت بەبێ قسەکردن لەگەڵ حەماس کۆتایی بەم جەنگە بهێنیت؟''
کوشنەر ئاماژەی دا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سەرکەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی 20 بارمتەی زیندوو و تەرمی 28 دیلی کوژراو، کە ''بە ڕاستی پێمان وابوو مەحاڵە.''
کوشنەر لەبارەی ئێران گوتی چەندین جار لەگەڵ نوێنەرانی ئێران کۆبووەتەوە و ڕایگەیاند، ''لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستی پێ کردووە، لەژێر سەرپەرشتیی جێگری سەرۆک ڤانس کارم کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو و سەرۆک ترامپ بدەم تا لەگەڵیان بگەینە ئەنجامێک.''
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا چاوەڕوانی هەنگاوی سەربازیی ئەمەریکا دەکرێت لە دژی ئێران، گوتی، ''سەرۆک ترامپ هەمیشە هەموو بژاردەکان لەسەر مێز دەهێڵێتەوە.''
کوشنەر سەبارەت بە پاڵپشتیی ئەوروپا لە ململانێ لەگەڵ ئێران، جەختی کردەوە لەوەی، ''ئەوروپاییەکان داوای زۆر لە ئەمەریکا دەکەن، بەڵام کاتێک دێتە سەر دۆخی ئێران، بە دڵنیاییەوە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوونە.''