دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەخت لە گرنگی ڕێگریکردن لە فراوانتربوونی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە لە زووترین کاتی گونجاودا دەکەنەوە.
ترامپ و ڕوتە، ئێوارەی چوارشەممە لە مارالاگۆ، لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا کۆبوونەوە.
بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، کە سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاوی کردووەتەوە، جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و ململانێی ئێران، دوو تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.
هەردوو لا هەروەها تاوتوێی ئەو دەستکەوتانەیان کردووە کە ئەمەریکا و ناتۆ لە لووتکەکانی لاهای و ئەنقەرە بەدەستیان هێناون و لە بەیاننامەکەدا بە دەستکەوتی بێ پێشینە ناو براون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە درێژی گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی ئەوە کرد کە ڕووسیا و ئۆکراینا خۆیان لە هەر کردارێک بەدوور بگرن کە بە مەبەست یان بێ مەبەست ببێتە هۆی فراوانتربوونی جەنگ، هەروەها گرنگیی دەستگەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە لە زووترین کاتی گونجاودا."
فراوانکردنی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی
خەرجییە بەرگرییەکان و وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازیی بەرگری، هەم لە ئەمەریکا و هەم لە سەرتاسەری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی ترامپ و ڕوتە بوون.
سەرۆکی ئەمەریکا سکرتێری گشتیی ناتۆی لە پێشکەوتنەکانی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی ئەمەریکا لە دروستکردنی زیاتر لە 20 دامەزراوەی نوێی بەرهەمهێنانی سەربازی ئاگادار کردەوە، کە ئێستا لە قۆناغی دروستکردندان.
بە گوێرەی سەرۆک ترامپ، ئەو کۆمپانیایانە جەخت لە بەرهەمهێنانی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد (THAAD)، مووشەکەکانی تۆماهاوک و ژمارەیەکی زۆر لە چەکە نوێیە هێرشبەر و بەرگرییەکان دەکەنەوە، کە هێشتا نە بە خەڵک و نە بە وڵاتانی دیکە نیشان نەدراون.
ترامپ ڕایگەیاند، "ئاستی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی لە ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستێکی بێ پێشینە."
سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا وتیشی، "هەرگیز ئەمەریکا بە ئەندازەی ئێستا کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی بەرهەم نەهێناوە. بەم زووانە کۆگاکانمان پڕ دەبن و کاتێک ئەوە ڕوو دەدات، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە سەرتاسەری جیهاندا سوودێکی زۆری لێ دەبینن."