براد کوپەر: سوریا ڕێگری لە گواستنەوەی چەکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ لوبنان کردووە

COOPER CENTCOM

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئاسایشییەکانی سووریای کرد بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر و چەک، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی بڕیک چەکی سوپای پاسدارانی ئێران کە بەرەو لوبنان دەگوازرایەوە.

کوپەر لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە هاوبەشە سووریاییەکانمان دەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەیان لە ڕێگریکردن لە قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر و چەک."

بەپێی بەیاننامەکە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە حەبی کاپتاگۆن و ماددە نایاساییەکانی دیکە لەسەر سنووری سووریا لەگەڵ لوبنان گرتووە.

هەروەها، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەستیان بەسەر بڕیک چەکدا گرتووە کە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە قاچاخ کرابوون و بۆ لوبنان دەگوازرانەوە.

فەرماندەی سێنتکۆم پێی وایە ئەو هەوڵانەی سوریا، جگە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، لە خزمەت سەقامگیری و یەکپارچەیی سووریادان.

کوپەر گوتی، "ئەم هەوڵانە پشتگیری لە سووریایەکی سەقامگیر، یەکپارچە و ئاشتیخواز دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز دەکەن."