سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا ناوبژیوانی بکات

ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ ناوبژیوانیکردن لە نێوان هەردوو لا، ئەگەر داوای لێ بکرێت، دەردەبڕێت.

نووسینگەی ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان هەردوو لا دەکاتەوە.

نووسینگەکە لە پەیامێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "سکرتێری گشتی هانی گفتوگۆ و هەماهەنگیی بونیادنەر لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات. وەک پێشتر ئاماژەی پێکردووە، پرسە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت بە ڕێگەی ئاشتییانە، لە ڕێگەی دانوستانی سیاسی و لەسەر بنەمای دەستووری کۆماری عێراق چارەسەر بکرێن."

نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان هەردوو لا بە هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەزانێت.

نووسینگەی ستیفان دوجاریک هەروەها دەڵێت، "ئێمە پێمان وایە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاری بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و باشترکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانیی هەموو عێراقییەکان زۆر گرنگە."

نوسینگەکە ئامادەیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بەکارهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکانی هەولێر و بەغدا دەربڕیوە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سکرتێری گشتی لەبەردەستن، ئەگەر لایەنەکان داوایان بکەن."