سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە هەوڵە سەربازییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی دژی ئێران تا مانگی یەک بودجەیان بۆ دابین کراوە و هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دیموکراتەکان پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، ئەوا ''سەرکەوتنێکی تەواو دەگۆڕن بۆ شکست.''
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا کاتێک دیموکراتەکان لە مانگی یەکدا کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس دەگرنە دەست، ڕەنگە بژاردە سەربازییەکانی سنووردار بکرێن. بەڵام هیوای خواست پارتی ئۆپۆزسیۆن جەنگەکە پێش ئەو وادەیەی لای ئەو پەسندە، ڕانەگرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی، ''ئەوان سەرکەوتنێکی تەواو دەگۆڕن بۆ شکست. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر وا بکەن...[ئێران] هێزی دەریاییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، بەرگریی دژەفڕۆکە و هیچ شتێکیان نەماوە. سەرکردەکانیشیان نەماون. ئەگەر دیموکراتەکان وا بکەن، تەنیا سەرکەوتنێک دەگۆڕن بۆ شکست.''
سەرۆک ترامپ هەروەها ڕوونی کردەوە کە نازانێت دیموکراتەکان لە ڕووی سیاسییەوە چۆن دەتوانن هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن، لە کاتێکدا ئیدارەکەی لە جەنگەکەدا سەرکەوتووە.
جەختیشی کردەوە، ''دەتوانین لە هەر کاتێکدا کە بمانەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنین.''
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو کاتەی لەبەردەستیدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کەم دەبێتەوە یان نا، سەرۆک ترامپ گوتی، ''بۆ من قورسە بڕوا بکەم کە ئەوان سەرکەوتنێک بکەن بە شکست، چونکە ئەوەی ڕوودەدات هەر ئەوەیە. بەڵێ، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە تا کۆتایی مانگی یەک بودجەمان بۆ دابین کراوە.''
بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئیسڕائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لایەنگری گۆڕینی تەواوەتی ڕژێمە، بەڵام سەرۆک ترامپ ئەم مانگە گوتبووی کە جەنگەکە ''بە شێوەیەکی کردەیی کۆتایی هاتووە.'' سەرباری ئەم لێدوانە، سەرۆک ترامپ سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران تا تاران بهێنێتە سەر مێزی دانوستاندن بۆ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە ئامانجی ئیسڕائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، سەرۆک ترامپ گوتی کە ئەمە ''ڕەنگە ڕووبدات،'' بەڵام جەختی کردەوە کە ئامانجی ئەو نییە و گوتی، ''من تەنیا نامەوێت ئەوان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. من هەرگیز نە لایەنگری گۆڕینی ڕژێم بووم و نە دژیشی بووم، ئەمە هەرگیز بۆ من پێوەر نەبووە.''
لە کۆتایی مانگی دوودا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران دەستیان پێکرد. دوای ئەوە، دانوستانەکان لەگەڵ تاران لە مانگی چوا بوونە هۆی ئاگربەستێک و لە مانگی حەوتیشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا. بەڵام دوای چەند هەفتەیەک، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەو لێکتێگەیشتنە بێ کاریگەری مایەوە.