ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: هەنگاوەکانی بەغدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی ناوەندی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراقی بە پێشێلکاریی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمێکی ناوەندی ناوبرد و ڕایگەیاند "بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە."

ئەنجومەنەکە داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری عێراقی کرد، بە تایبەتی ماددەی 140ـی دەستوور.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و دانانی خاڵی پشکنین لەسەر ڕێگاکانی چوونەناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو.

ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی دووپات کردەوە، بەڵام ڕێکارەکانی بەغدای بە "ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی" وەسف کرد.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بەبێ بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، و وەزیرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوە چوو، بەهۆی ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە. بەڵام بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ وای کرد دوو حزبەکە سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، دوێنێ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕێکارەکانی بەغدا بە تاکلایەنە و پێشێلکاریی دەستوور ناوببەن و ڕەتیان بکەنەوە.

داوا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەر ڕێکارێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کارە نایاساییەکان و ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت لە سەرتاسەری عێراق.

بەڵام ئەنجومەن "بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان" ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە مافە دەستوورییەکانی هەرێم تەنها لە مووچە و بودجە و شایستە داراییەکاندا کورت نابنەوە، "بەڵکو پرسێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانن."

ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێنەکردنی دەستووری بە هۆکاری سەرەکیی چارەسەرنەبوونی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا ناوبرد و داوای جێبەجێکردنی ماددەی 104ـی دەستووری کرد، "کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە."

ئەنجومەن هەروەها داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیی عێراق و پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور کرد، بە شێوەیەک نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بەردەوام بن لە یەکڕیزی و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم.

ئەنجومەن، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین، داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کرد بەرامبەر ئەو کەسانەی بە وتەی ئەنجومەن، دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم ڕەفتار دەکەن و خەڵک هان دەدەن بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی: زمانی سەربازی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات

لە لایەکی ترەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ڕێکارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەربڕی، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامن.

سەرۆکی هەرێم گوتی، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەت دەکەینەوە. ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی کوردستانی و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن کردەوە و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد بە دانایی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی، گەرەنتی داهاتووی هاوبەشمانە."