ناتۆ دوای بەزاندنی ئاسمانی پۆڵەندا لەلایەن ڕووسیاوە فڕۆکەی ڕاداری هۆشداری دەنێرێتە ئەو وڵاتە

لەم دیمەنەدا کۆشکی سەرۆکایەتی پۆڵەندا بە ئاڵای ناتۆ ڕووپۆش کراوە.

ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاند کە فڕۆکەی ڕاداری ئاگادارکرنەوەی پێشوەختە ئاراستەی پۆڵەندا دەکات وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بەزاندنەکانی ئاسمانی ئەو وڵاتە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە.

ئەڵیسن هارت، وتەبێژی ناتۆ، گوتی بڕیاری ناردنی 'فڕۆکەی سیستەمی هۆشداریدان و کۆنترۆڵی ئاسمانی' لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی دووشەممەدا دراوە و هاوپەیمانان "بە تەواوی پاڵپشتی لە پۆڵەندا دەکەن."

هارت ئاماژەی دا بە ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو، کە تێیدا دوو مووشەکی ڕووسیا لە خاکی پۆڵەندا کەوتنە خوارەوە. وتی، "ئەمە ڕووداوێکی مەترسیدار بوو و ڕووسیا بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆدایە."

بەگوێرەی ماڵپەڕی ناتۆ، فڕۆکەکە توانای فڕێنی هەیە بە بەرزیی 10 کیلۆمەتر و توانای ئەوە بە فەرماندەکانی ناتۆ دەبەخشێت کە چاودێری کایەی ئاسمانیی چواردەور بکەن تاوەکو دورییەک کە تیرەکەی 400 کیلۆمەترە.

هارت وتیشی جەنەڕاڵ ئەلێکسەس گرینکویچ، فەرماندەی باڵای هاوپەیمانانی ئەوروپا و ئەمەریکا هێزە ئاسمانییەکانی ناتۆ، لە ئەگەری ناردنی توانای سەربازیی زیاتر بۆ پۆڵەندا دەکۆڵێتەوە بۆ "ئامادەیی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی لە پۆڵەندا و شوێنی دیکە."

وەزیری بەرگریی پۆڵەندا وتی کە لە کۆبونەوەکەی ناتۆدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕووسیا کرداری سەرکەشانەی زۆری ئەنجام داوە و هاوپەیمانێتییەکە پێویستە تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی خۆی لە بەری خۆرهەڵات بەهێزتر بکات.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا ڕۆژی سێشەممە لە پێشێلکارییەکی نوێی ڕووسیا ئاگاداری دا و ڕایگەیاند کە درۆنێک بۆ ماوەیەکی کورت چووەتە ناو سنوری ئاسمانی وڵاتەکەوە. سوپای پۆڵەندا ڕاشیگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خراوەتە گەڕ و پاراستنی کایەی ئاسمانی وڵاتەکە لە پێشەوەی کارەکانیدایە.