جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ دوو کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەنجام دا، تێیدا بەڵێنیان دا تەنگەی هورمز بە کراوەیی بە ڕووی جووڵەی کەشتیوانیدا بهێڵنەوە و تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، و جەی دی ڤانس لە کۆبوونەوەیاندا ڕۆژی سێشەممە پێداچوونەوەیان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا کردووە. هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر دیپلۆماسیی چالاک و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ''هێورکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.''
بەپێی بەیاننامەکە، قەتەر لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانە دووپات کردووەتەوە کە پارێزگاری لە ئاسایشی کەشتیوانی دەریایی دەکەن و دەبنە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاشتی ناوچەیی.
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر لەسەر کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە کۆشکی سپییەوە کرد، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە وەڵامی نەدراوەتەوە.
ئاسایشی دەریایی تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ڕۆژێک پێشتری نێوان مارکۆ ڕوبیۆ و ئال سانیش بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
ڕوبیۆ و ئال سانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند، ''هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە دووپات کردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە تێپەڕبوونی پارێزراو و بێبەربەست بەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی ناوچەیی، دابینکردنی جێگیری وزە و سەقامگیری ئابووریی جیهان.''
ئەم هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەم مانگەدا. ڕۆژی سێشەممە ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە سێ کەشتی بەهۆی مینی دەریاییەوە لە تەنگەکەدا زیانیان بەرکەوتووە. میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە دا کە ئەو کەشتییانە بەو ڕێڕەوانەدا تێپەڕیون کە تاران بە ''ڕێڕەوی بێ مۆڵەت'' ناویان دەبات. هەروەها ڕایانگەیاند کە دوو لە ڕووداوەکان پێش نیوەشەوی دووشەممە ڕوویان داوە. دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی دووشەممە سێ کەشتی لە کاتی تێپەڕبوونیان بەرەو ڕۆژهەڵات لە تەنگەی هورمزدا بە مووشەک یان تەنی نەناسراو پێکراون. هەروەها ڕۆژی یەکشەممەش سێ کەشتی دیکە بە هەمان شێوە کراونەتە ئامانج. بە گوتەی دەستەکە، تیمی کەشتییەکان پارێزراون، بەڵام قەبارەی زیانەکان و کاریگەرییە ژینگەییەکانی هێشتا ڕوون نین.
لە هێرشێکی دیکەدا، ڕۆژی یەکشەممە کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی لەنگەرگرتنیدا لە نزیک بەندەری دیبا لە ئیمارات کرایە ئامانج و ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
لە ئێستادا هەزاران سەربازی ئەمەریکایی لە ناو تەنگەی هورمز و دەوروبەریدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی ئەمەریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا، کە بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا لە مانگی حەوتەوە تا ئێستا لانیکەم 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئێران گەیاندووە.
سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە واشنتن لە ئێستادا پێویستی بە ڕێککەوتن نییە لەگەڵ ڕژێمی ئێران و ئاشکرای کرد کە بەڕێوبەرایەتییەکە لەسەر پاراستنی ''دۆخی ئێستا'' بەردەوام دەبێت. هاوکات ستایشی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکای کرد.
قەتەڕ ڕۆژی سێشەممە هۆشداریی دا لە پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان و ڕایگەیاند کە ئەو پێشهاتانە ''کاریگەریی نەرێنییان'' لەسەر هەوڵەکانی نێوەندگیری دەبێت. ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە دەوحە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''پێویستە هەموو لایەنەکان دان بە خۆیاندا بگرن و پشتیوانی لە چارەسەری دیپلۆماسی بکەن.'' پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی قەتەری کرد وەک ''نێوەندگیرێکی جیهانی'' بۆ ڕۆڵی لە هەوڵەکانی ئاشتیدا.