بیرکارێک دەڵێت ژیریی دەستکرد مەتەڵێکی 150 ساڵەی بیرکاریی چارەسەر کردووە 

بیرکارێک لە کۆمپانیای گەورەی ژیری دەستکردی ئەنترۆپیک (Anthropic) دەڵێت بە یارمەتی مۆدێلی کلۆد (Claude) یەکێک لە هەرە سەختترین مەتەڵەکانی بیرکاریی چارەسەر کردووە. ئەمە دووەمین جارە لە چەند مانگی ڕابردوودا کەسێک یان کۆمپانیایەکی بواری ژیری باڵا دەڵێت کێشەیەکی زۆر بەناوبانگ و چارەسەرنەکراوی بیرکاریی دۆزیوەتەوە.

ئەم بانگەشەیە هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن دەزگای ناسراوی وەک پەیمانگەی بیرکاریی کلەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لێڤەنت ئاڵپۆگەی، کە لە تیمی تەکنیکیی ئەنترۆپیک کار دەکات، ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکی چوار لاپەڕەییدا لە ماڵپەڕی خۆی ئەمەی بڵاو کردەوە و گوتی پێی وایە بە هاوکاری کلۆد سەلماندنێکی بۆ گریمانەی ڕیمان (Riemann Hypothesis) دۆزیوەتەوە.

ئاڵپۆگەی نووسیویەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆر بە چڕی لەگەڵ کلۆد کاری کردووە، بەڵام لە کۆتایی کارەکەدا کلۆد بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و خێرا، سەرکەوتوو بووە و بە شێوەیەکی زۆر باش یارمەتی داوە.

گریمانەی ڕیمان، کە لە ساڵی 1859ـەوە هەیە، باس لە شێوازی دابەشبوونی ژمارە سەرەتاییەکان (خۆبەخشەکان) دەکات کاتێک بەرەو بێکۆتا دەڕۆن؛ ژمارە سەرەتایییەکان ئەو ژمارانەن کە تەنیا بەسەر 1 و خۆیاندا دابەش دەبن، بۆ نمونە وەک 2، 3، 5، و 7.

ئاڵپۆگەی گوتی درەنگانی شەوی یەکشەممە گەیشتووەتە ئەم ئەنجامە و لە ڕێگەی نامەوە لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنترۆپیک، داریۆ ئەمۆدەی، پرسیوە ئایا دەتوانێت ئەمە ڕابگەیەنێت، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە سان فرانسیسکۆ خۆی ئامادە دەکرد بۆ هاتنە نێو بازاڕی پشکەکانەوە.

ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەنترۆپیک پشکەکانی خستە بازاڕەوە، ئاڵپۆگەی ڕایگەیاند ئەو کێشەیەی چارەسەر کردووە کە زیاتر لە 150 ساڵ بوو بێ وەڵام مابووەوە. کۆمپانیای ئەنترۆپیک لەسەر ئەم بانگەشەیە هیچ لێدوانێکی نەدا کاتێک ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس پرسیاری لێ کرد.

ئاڵپۆگەی سەلماندنەکەی خۆی و کلۆدی لە 17 ملیۆن دێڕ کۆدی زمانی لین (Lean)ـدا بڵاو کردەوە؛ لین زمانێکی بەرنامەسازیی تایبەتە کە بۆ سەلماندنی دروستیی تیۆری بیرکاری بە کۆمپیوتەر بەکاردێت. ئەلێکس کۆنتۆرۆڤیچ، سەرۆکی بەشی بیرکاری لە زانکۆی ڕاتگەرز، دەڵێت بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجامی ئەم جۆرە کۆدانە لە توێژینەوەی فەرمیدا بڵاو دەکرێنەوە تا پسپۆڕان بیخوێننەوە.

کۆنتۆرۆڤیچ بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس ڕوونی کردەوە کاتێک کەسێک سەلماندنێکی بیرکاری دەداتە دەستت، دەبێت خۆت هەنگاو بە هەنگاو بیخوێنیتەوە و دڵنیا ببیتەوە لە هەر دێڕێکی، تا لە کۆتاییدا تێبگەیت بۆچی ئەنجامەکە دروستە.

ئەو ڕایگەیاند کلۆد پێداچوونەوەی بە کۆدەکەدا کردووە و سەلماندنەکە بە دروست داناوە. ئاڵپۆگەیش گوتی ئەمە هێشتا بەو مانایە نایەت کە خۆی بە تەواوی لێی تێدەگات، بەڵام کۆمپیوتەر زۆر لە مرۆڤ وردبینترە، بۆیە ئەگەر سەلماندنەکە کۆمپیوتەر ڕازی بکات، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر دەتوانێت ئەویش ڕازی بکات، بەڵام پێویستە خۆی ئەو کارە بکات.

چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، گریمانەی ڕیمان لە ماڵپەڕی 'پەیمانگەی بیرکاریی کلەی' هەر وەک چارەسەرنەکراو مابووەوە. ئەم پەیمانگەیە لە ساڵی 2000ـدا ئەم گریمانەیەی وەک یەکێک لە حەوت "کێشەی خەڵاتی هەزارە" دیاری کرد و خەڵاتی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک داناوە کە بتوانێت بیسەلمێنێت.

بە گوێرەی ئەسۆشیەتد پرێس، بریدسن، سەرۆکی پەیمانگەی کلەی، ڕایگەیاندووە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا کێشەکە بەڕاستی چارەسەر کراوە یان نا، کاتی پێویستە. ئەو گوتی ئەم ڕاگەیاندنە گرنگە و دەتوانێت شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ بگۆڕێت سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدانی بیرکاری

ئاڵپۆگەی گوتی سەلماندنەکەی خستووەتە ڕوو، پێش ئەوەی خۆی بە تەواوی لە هەموو لایەنە بیرکارییەکانی تێبگات. ئاماژەی بەوەش دا کە کارکردنی لەگەڵ ژیری باڵادا زیاتر لە 250 هەزار لاپەڕەی بەرهەمهێناوە.

لە مانگی حەوتدا، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای ڕایگەیاند کە تەکنەلۆجیاکەی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دەستکەوتێکی هاوشێوەدا سەبارەت بە ناڤیەر- ستۆکس (Navier-Stokes) کە هاوکێشەیەکە جووڵەی شلەمەنییەکان ڕێک دەخات.

کۆنتۆرۆڤیچ گوتی سەرەتا ناڤیەر-ستۆکس هاتە پێشەوە و ئێستاش گریمانەی ڕیمان، و گوتی هەستێکی سەیر و باوەڕپێنەکراوی هەیە کاتێک دەڵێت گریمانەی ڕیمان چارەسەر کراوە و هەوڵ دەدات باوەڕ بە خۆی بهێنێت کە ئەم قسەیە دەڵێت.

ئەنترۆپیک ئەم هەفتەیە بە شێوەیەکی گەورە چووە ناو بازاڕی پشکانەوەی واڵ ستریت و بڕێکی پێوانەیی 81 ملیار دۆلاری کۆکردەوە، لە کاتێکدا کۆی بەهای کۆمپانیاکە بە 1.5 تریلیۆن دۆلار خەمڵێندرا.

ئەمۆدەی دیدگایەکی گەشبینانەی بۆ داهاتووی ژیری دەستکرد خستووەتە ڕوو کە تێیدا تەکنەلۆژیاکە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو لە توێژینەوەکانی بیرکاری و زانستدا. لە هەمان کاتدا هۆشداریش دەدات لە مەترسییە ئەگەرییەکانی ژیریی دەستکرد.