بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکەوە لە نایجیریا لانیکەم 24 کەس گیانیان لەدەستدا

دەزگای فریاگوزاری نایجیریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند بەلەمێک لە کاتی گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمێکی بەخاکسپاردندا لە باشووری وڵاتەکە وەرگەڕاوە و نقووم بووە، بەهۆیەوە لانیکەم 24 کەس گیانییان لەدەست داوە.

مانزۆ ئێزێکی، وتەبێژی دەزگای نیشتیمانی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری نایجیریا مانجۆ ئێزێکی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕووداوەکە ڕۆژی هەینی لە ویلایەتی بایێلسا لە ناوچەی باشووری وڵاتەکە ڕوویداوە، کاتێک بەلەمەکە سەرنشینەکانی لە ناوچەیەکەوە دەگواستەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەکدا. گوتیشی کە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوامن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا چەند کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی پۆلیس، مووسا محەمەد، ڕایگەیاند کە 24 سەرنشینی دیکە ڕزگار کراون و چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە، بەڵام دەسەڵاتداران هێشتا ئاشکرایان نەکردووە کە بە گشتی چەند سەرنشین لەسەر بەلەمەکە بوون.

بە وتەی وتەبێژی پۆلیس، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بەلەمەکە تووشی کێشەیەکی میکانیکی بووە و سەرنشینەکان داوایان لە شۆفێری بەلەمەکە کردووە بەرەو وشکانی ئاڕاستەکەی بگۆڕێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە. دواتر شۆفێری بەلەمەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە و بەڕێوەبەری بەلەمەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.

لە کاردانەوەی ڕووداوەکەدا، حکومەتی ویلایەتی بایێلسا داوای لە شۆفێرانی بەلەم و سەرنشینان کرد پابەندی ڕێنماییەکانی پارێزراویی بن. کۆمیسیاری زانیاریی ویلایەتەکە، ئێبیوۆ کۆکو- ئۆبیای، ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند '' بارکردنی زیاد لە پێویست، خێرایی، بێباکی و گەشتکردن بەبێ چاکەتی پارێزراویی دەبێت بوەستێت. هیچ گەشتێک هێندەی ژیانی مرۆڤێک بەهادار نییە.''

ڕووداوەکانی نقوومبوونی بەلەم لە نایجیریا دیاردەیەکی باون، لاوازیی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پارێزراویی وایکردووە کە زۆرجار بەلەمی تێکچوو و بێ چاکەتی پارێزراویی لە ئاوەکانی ئەو وڵاتەدا بەکاربهێنرێن.