لە کاتی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری کارتێڵ، لانیکەم 11 کەس کوژران

Meza Flores

دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی مەکسیک بە هاوکاریی زانیاری هەواڵگریی ئەمەریکا سەرکردەی دیاری کارتێڵەکانی ماددەی هۆشبەر، فاوستۆ ئیسیدۆرۆ مێزا فلۆرێس ناسراو بە ''ئێل چاپۆ ئیسیدۆرۆ ''یان دەستگیر کرد، شەپۆلێکی توندوتیژی و پێکدادانی قورس ویلایەتی سینالۆای گرتەوە و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 11 کەس.

وەزارەتی بەرگری مەکسیک ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە پێکدادانێکی سەختدا کە لە شەوی هەینییەوە دەستیپێکرد و تا بەرەبەیان بەردەوام بوو، حەوت چەکداری کارتێڵ و چوار سەربازی سوپای مەکسیک کوژراون. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لە شاری '' گواساڤێ '' ئەنجام درا، مێزا فلۆرێس، کە یەکێک بوو لە 10 داواکراوە هەرە سەرەکییەکەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا FBI، لەگەڵ حەوت کەسی دیکەدا دەستگیر کرا و بە فڕۆکەیەکی سەربازی گواسترایەوە بۆ مەکسیکۆ سیتی.

مێزا فلۆرێس سەرکردایەتی گروپی ''ڕێکخراوی تاوانکاریی سنووربەزێنی مێزا-فلۆرێس ''ی دەکرد و پێشتر سەرکردەی کارتێڵی '' بێلتران لێیڤا '' بوو. ئەمەریکا پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردبوو بە تۆمەتی قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو خاکی ئەمەریکا و هەڵگرتنی چەکی نایاسایی. ناوبراو هاوپەیمانێکی سەرەکیی باڵی '' لۆس مایۆس ''ی کارتێلی سینالۆا بوو، کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دۆناڵد ترامپەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناسێندرا.

حکومەتی مەکسیک ئاشکرای کرد کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دەستنیشانکردنی شوێنەکەی و دەستگیرکردنیدا، بەڵام وردەکارییەکی کەمیدا لەسەر چۆنێتی هەماهەنگی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و مەکسیک لە دەستگیرکردنەکەدا. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی فشارە بەردەوامەکانی سەرۆکی ئەمەریکادایە بۆ سەر سەرۆکی مەکسیک کلاودیا شەینباوم تا هەڵمەتەکانی دژی گروپە تاوانکارییەکان چڕتر بکاتەوە.

شەوێکی پڕ لە تۆقاندن لە گواساڤێ

بە گوتەی دانیشتووانی شاری گواساڤێ و شایەتحاڵەکان، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ گەمارۆدانی شوێنی مانەوەی مێزا فلۆرێس، شەڕ و تەقەیەکی چڕ سەرتاسەری شارەکەی گرتەوە. هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕانەوە و تەقەیان لە پێگەکانی چەکدارەکان دەکرد، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی مەدەنی لە ترسی تەقەکردنەکان پەنایان دەبردە بەر فرۆشگا و شوێنە داخراوەکان.

بەرپرسێکی فیدراڵی ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی توندیی شەڕەکە و دانانی لانیکەم 10 بەربەستی سەر شەقامەکان لەلایەن چەکدارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سووتێنراو، هێزە تایبەتەکان نەیانتوانی تا کاتژمێر چواری بەرەبەیانی شەممە مێزا فلۆرێس لە شارەکە ببەنە دەرەوە. ڕۆژی شەممەش شوێنەواری شەڕەکە لە شەقامەکاندا مابووەوە و چەندین فرۆشگا و بارهەڵگر بە تەواوی سووتابوون.

پێشوازیی فەڕمی و هۆشداریی شارەزایان

باڵیۆزی ئەمەریکا لە مەکسیک، ڕۆناڵد جۆنسن، دەستگیرکردنەکەی بە ''بەرهەمی هاوکاری و متمانەی بەردەوام '' وەسف کرد و جەختی لە بەردەوامیی ڕاوەدوونانی تاوانباران کردەوە. وەزیری ئاسایشی مەکسیکیش عومەر گارسیا هارفوچیش ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکان لە ویلایەتی سینالۆا دەمێننەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و هەنگاوەکەی بە گرنگ بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە ناو برد.

سەرەڕای ئەم پێشوازییە فەڕمییانە، شارەزایانی ئاسایشیی هۆشداری دەدەن کە ستراتیژیی ''لێدانی سەرکردە گەورەکان'' کە پێشتر لە مانگی دوودا بووە هۆی کوژرانی '' ئێل مێنچۆ ''ی سەرکردەی کارتێلی خالیسکۆ، زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی و ململانێی خوێناوی لە نێوان باڵە جیاوازەکانی کارتێڵەکاندا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی دەسەڵات، بەبێ ئەوەی تۆڕە دارایی و چەکدارییەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە.