پرسەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی، لە نێویاندا ململانێی ئێران و جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ چین و ڕووسیا و ئاسایشی سایبەری و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆ تەلەڤزیۆنییەکانی یەکشەممە بوون.
لەو چاوپێکەوتنانەدا ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی حکومەت هەڵوێستەکانیان خستنەڕوو دەربارەی هەندێک لە گرنگترین پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا.
جۆن کەنەدی، سیناتۆری کۆماری ویلایەتی لویزیانا، لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن بی سی تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ شی جین پینگ و ڤلادیمیر پۆتن و وتی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە دەکرێت سودبەخش بن ئەگەر واشنتن هێز و پێگەی خۆی بەکاربهێنێت،"شتێكی باشە سەرۆکەکانی سێ بەهێزترین ووڵاتانی جیهاندا کۆببنەوە، بەڵام تەنها لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمەریکا ئەو دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ نیشاندانی ئیرادە و هێزی خۆی."
سیناتۆر کەنەدی داوای کرد یاسای نوێی سزای فراوان بەسەر ڕووسیا و ئێران کە لەمانگی نۆدا کۆنگرێس پەسەندیکرد جێبەجێبکرێت، "زیاتر لە ساڵێکمان پێچوو تا ئەو پڕۆژە یاسایە بگاتە هۆڵی سینات... ئێستا پەسەند کراون و با سەرۆک بەکاریانبهێنێت." کەنەدی وتیشی، "بە بۆچوونی من بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی ئێران و ئۆکراینا بهێنیت، پێویستە ئەو هەنگاوە بگریتەبەر."
لە بەرامبەردا، کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیموکراتی ویلایەتی مێریلاند، جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێی ئێران کردەوە. ڤان هۆلن وتی "ئەگەر بتەوێت نرخی گاز و نەوت و سووتەمەنی بە خێرایی دابەزێت، ئەوا ئەمە هەنگاوی پێویستە."
سەبارەت بە پرسی ئاسایشی نیشتمانی و مەترسییەکانی چین، ریک کرۆفۆرد، سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز تیشکی خستەسەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکییە هەواڵگرییەکانی چین و هەوڵەکانی ئەو ووڵاتە لەپێناو بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژیری باڵا.
کرۆفۆرد وتی "ئەوەی دەیزانین لەسەر سیاسەتەکانی ووڵاتی چین ئەوەیە کە هەر هاووڵاتییەکی چینی دەکرێت سیخوڕبێت، چونکە [حکومەتی چین] داواکاریی لەوچەشنە لە هاووڵاتییەکانی دەکات، چ لە ناوەوەی ووڵات یان لە دەرەوەی ووڵات."
هەروەها ئاماژەی بە چوار پڕۆژە یاساکرد کە ئێستا لە کۆنگرێسن و پەیوەستن بە ژیری باڵاو پەیوەندییەکانی چین و ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی نەیاران بە تەکنەلۆژیای هەستیار.
سکات بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، باسی لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپ کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و سنووردارکردنی دەستگەیشتنی چین بە چیپە پێشکەوتووەکان.
بێسێنت وتی، "سەرۆک زۆر مەبەستییەتی کە گواستنەوەیەکی بەلێشاوی تەکنەلۆژیا بۆ دەرەوەی وڵات ڕوونەدات."
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی چیپی پێویست بۆ تەکنەلۆژیای ژیری باڵا، وەزیری گەنجینە ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت نوێترین ڕێکار و رێسای جێبەجێکردووە بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتنی هەندێک وڵات و دامەزراوە بە چییپەکانی ئەمەریکا.
سەبارەت بە پرسی ئاسایشی سایبەریش، سیناتۆر کەنەدی لە بەرنامەکەی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی ژیری باڵا بەشێکی سەرەکیی هۆکاری ئەو رووداوە سایبەرییانەیە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا روویانداوە، "پێموایە سەرچاوەی زۆربەی ئەم هێرشانە ژیری دەستکردە، و لە داهاتووشدا [رووداوی لەم بابەتە] زیاتر دەبینین."
سەبارەت بە ژیری باڵاش وتی، "نامەوێت گەشەو داهێنان خەفە بکەین، بەڵام بە وادیارە پێویستمان بە کۆنترۆڵێکی باشتر هەیە لەسەر ئەم تەکنەلۆژیایە."