لە هەرێمی کوردستان تێلەگرام بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لەسەر بنەمای نووسراوێکی فەڕمی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، داوای لە سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کردووە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆرمی تێلەگرام.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 22 ی مانگی یانزەی ساڵی 2026 لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدادەوە، نووسراوێکی فەڕمی حکومەتی فیدڕاڵیان سەبارەت بە ڕاگرتنی کاتیی ئەو پلاتفۆرمە بە دەست گەیشتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هۆکاری بڕیارەکەی بەغداد بۆ ''بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی دەگەڕێتەوە کە هەڕەشەن دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینە.''

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق 30 ڕۆژی داوە بە کۆمپانیای تێلەگرام تا لەم ماوەیەدا پابەندی یاسا و داواکارییەکانی حکومەت بێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمڕۆ بە نووسراوێکی تایبەت داواکارییەکەی حکومەتی فیدڕاڵی ئاڕاستەی گشت کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەت ئەوانەی مۆڵەتپێدراوی وەزارەتەکەن، تا بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست ئەنجام بدەن.