گفتوگۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆژی یەکشەممە بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆتایی هات، دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکە ڕەشنووسی کۆتایییان ڕەتکردەوە و وتیان ڕاگەیەندراوەکە وەک پێویست کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گارمی زەوی ناکات.
شکستی ئەم گفتوگۆیانە لە کۆبوونەوەی 31یەمین کۆنفرانسی ئەندامانی پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) ڕوویدا کە لە هەشتی ئەم مانگە لە ئەنتاڵیای تورکیا دەستیپێکرد.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ئەم شکسته لە کاتێکدا ڕوویدا کە ووڵاتانی جیهان هەوڵیاندا چەند هەنگاوێکی گەورەتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەڵبگرن، بەڵام ململانێی چەکداری و فشاری ئابووریی و قەیران لە چەندین ناوچەی جیهاندا، سەرنجی زۆرێک لە وڵاتانی بەرەو ئەو پرسانە بردووە.
دوای زیاتر لە دوو هەفتە گفتوگۆ، کە دوو ڕۆژیش لە وادەی دیاریکراو تێپەڕی و بووە درێژترین کۆبوونەوەی ئەو گرووپە لە مێژوودا، مورات کوروم، سەرۆکی کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند کە هیچ ڕێککەوتنێک بەدەست نەهات، ئەو وتی: "هیچ شتێک نەماوە بیکەین، ئەوەی لە تواناماندابوو ئەنجامماندا."
کریس بۆون، سەرۆکی دانوستاندنەکانی COP31 وتی شکستی گفتوگۆکان "زۆر جێی نیگەرانییە" و هەروەها وتی ناکۆکی لەسەر سووتەمەنی و دابینکردنی دارایی بۆ پرۆژەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی شکستی گفتوگۆکان بوون.
نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا وتیان ناتوانن پشتیوانی لەو دەقە بکەن کە پێشنیار کرابوو چونکە هیچ ئاماژەیەکی تێدا نەبوو سەبارەت بە سووتەمەنی بەردینی، کە زاناکان بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەی گارمی زەوی دەزانن.
دارا ئۆبراین، وەزیری ژینگەی ئیرلەندا، وتی: "چۆن دەبێت بەڵگەنامەیەکی کەشوهەوامان هەبێت کە هیچ ئاماژەیەکی بە سووتەمەنی بەردینی و هەنگاوەکانی دوورکەوتنەوە لێی تێدا نەبێت."
بەپێی چاودێرانی کۆنفرانسەکە، عەرەبستانی سعودی و چەند وڵاتێکی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت فشاریان خستبووە سەر ئەندامانی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەی ناوی سووتەمەنی بەردینی لە دەقی پێشنیارکراودا نەهێندرێت.
هەروەها ووڵاتانی هەژار گازندەیان لەوە کردووە کە ڕەشنووسەکە داراییی پێویستی بۆ یارمەتیدانیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گارمی زەوی دابین ناکات.
هەرچەندە بەشدارانی کۆبوونەوەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتن سەبارەت بە ڕاگەیەندراوێکی کۆتایی، بەڵام ئەم شکستە هیچ لە پابەندی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی پێشووی ووڵاتان پەیوەیست بە گۆڕانی کەشوهەوا ناگۆڕێت و یاسا و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبن.
بەڵام ئەمە یەکەم جارە لە دوای کۆبوونەوەی کۆپنهاگن لە ساڵی 2009ـدا کە گفتوگۆکانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ ڕێککەوتنی گشتی کۆتایی دێت.