مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە هەندێ ناوچەی ئێران

شۆفێرانی بارهەڵگر و کارمەندانی گواستنەوە لە ژمارەیەک شارەکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، مانگرتنێکی سەرتاسەرییان دەستپێکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی یەکێتی ڕێکخراوەکانی شۆفێرانی بارهەڵگر و کارمەندانی گواستنەوە لە ئێران، کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، یەکێتییەکە پشتگیری لە مانگرتنەکە کردووە و بانگەوازی لە شۆفێران کردووە پابەندبن پێەوە.

شۆفێران دەڵێن کە کرێی گواستنەوەی بار زۆر نزمە سەرەڕای ئەوەی تێچوونەکانیان بەردەوام زیاد دەبن. یەکێک لە شۆفێران نووسیویەتی کرێی گواستنەوە تەنها لە بەندەرعەباس زیاد کراوە بەڵام لە چابەهار هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونەداوە.

شۆفێرانی بارهەڵگر لە مانگی شەشی 2025ـیشدا مانگرتنێکی سەرانسەریان ئەنجام دا. پاش ئەوە، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران دوو کەسی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بەو مانگرتنەوە بە زیندانیکردن بۆماوەی 15 ساڵ حوکمدا.