وەزارەتی بەرگری قەتەڕ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا براد کووپەر لە دەوحە لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری قەتەڕ شێخ سعوود بن عەبدولڕەحمان ئال سانیدا کۆبووەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەردوولا باسییان لە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە جێ بایەخە هاوبەشەکان کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک ئەفسەری باڵای هەردوو وڵات ئامادەبوون.
وەزارەتی بەرگری قەتەڕ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە هیچ پرسێکی دیاریکراو نەکردووە، لە نێویاندا جەنگی ئێران.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر کووپەر لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە لەگەڵ شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و وەزیری بەرگری سعوودیە خالید بن سەلماندا کۆبووەوە. بەپێی دەزگای هەواڵی فەڕمی سعوودیە، هاوکاری سەربازیی و پێشهاتەکانی ناوچەکە لەو پرسانەدا بوون کە کووپەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیەدا تاوتوێی کردوون.
ئەم سەردانەی ئەمڕۆ لە کاتێکدا دێت کە قەتەڕ بە هاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، نێوەندگیرییەکی دیبلۆماتی چڕ دەکات بۆ نزیککردنەوەی واشنتن و تاران لە یەکتر.