فاینانشیاڵ تایمز: سەرۆک ترامپ دەیەوێت تا مانگی یەک کیێڤ لەگەڵ ڕووسیا بگاتە ڕێککەوتنێکی ئاشتی

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بە بەرپرسانی ئەوروپا و ئۆکراینای ڕاگەیاندووە کە دەیەوێت تا سەرەتای مانگی یەک و پێش ئەوەی دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمەریکا بگرنە دەست، کیێڤ لەگەڵ ڕووسیا بگاتە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری زاوای سەرۆک ترامپ، ئەم مانگە لە ئەبوزەبی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئۆکراینا و ڕووسیا دەستپێکردەوە، بەمەش کۆتاییان بە دابڕانێکی هەشت مانگە هێنا کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست ببوو.

پارتی کۆمارییەکانی سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولدا لەم مانگەدا کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتییان لەدەستدا، پێشبینیش دەکرێت دیموکراتەکان پشتیوانی زیاتر پێشکەش بە کیێڤ بکەن و فشارەکانیان بۆ سەر مۆسکۆ توندتر بکەنەوە. سەرۆکی ئەمەریکا ئەم هەفتەیە لە چین لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کۆبووەوە و دواتر ڕایگەیاند کە هاوتا ڕووسییاییەکەی ڕوونی کردووەتەوە مۆسکۆ '' ئامادەیە بۆ ئاشتی.''

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوشنەر و ویتکۆف زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا، ئۆکراینا و ئەوروپا لە مۆسکۆ، دەبڵن و بەرلین ئەنجام داوە و هەستی پەلەکردنی خۆیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێ گەیاندوون.

بەرپرسێکی ئەوروپایی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کوشنەر و ویتکۆف گوتی '' ئەمەریکاییەکان فشارێکی زۆر دەکەن و نیگەرانییەک هەیە کە گەیشتن بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک پێویستی بە سازشێکی گەورەی ئۆکراینا دەبێت.'' بەرپرسێکی دیکەش گوتی '' ئەمەریکاییەکان پەلەیانە، بەڵام پوتن هیچ پەلەیەکی نییە.''

بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا ڕایگەیاند کە ئەم خشتە کاتییە نیگەرانییەکانی لە کیێڤ قووڵتر کردووەتەوە لەوەی سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ناچار بکرێت پێش ئەوەی دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بگرنە دەست، بچێتە ناو ڕێککەوتنێکەوە کە لەسەر بنەمای مەرجەکانی مۆسکۆ بێت. ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی '' سەرۆک ترامپ پوتنی خۆشدەوێت و دەیەوێت تا مانگی یەک کۆتایی بە هەموو ئەمە بهێنێت ''، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە پێش مانگی یەک بکرێت، ڕووسیا '' دەتوانێت مەرجی باشتری دەستبکەوێت.''

لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ دەسەڵاتێکی فراوانی بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆکانی ئاشتی هەیە، دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بە پەرۆشن دەسەڵاتە یاسادانانەکانیان بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی ئۆکراینا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بەکاربهێنن.

هەرچەندە ئەمەریکا فشاری نەخستووەتە سەر ئۆکراینا بۆ ئەوەی سازشی دیاریکراو بۆ ڕووسیا بکات، بەڵام پوتن ڕۆژی پێنجشەممە دوای لووتکەکەی لەگەڵ سەرۆک ترامپ و سەرۆکی چین شی جینپینگ لە شێنجین، داوای کرد کە ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی '' سازش '' و '' ڕاستییەکان '' قبووڵ بکەن. ئەمەش داواکارییە لەمێژینەکانی مۆسکۆ دەگرێتەوە بۆ ئەوەی کیێڤ دەستبەرداری خاکەکەی بێت لە ناوچە ستراتیژییەکانی هێڵی پێشەوەی دۆنباس، لەگەڵ قەدەغەکردنی ئەندامێتی داهاتووی ئۆکراینا لە ناتۆ و سنووردارکردنی هێزە چەکدارەکانی. هەروەها ڕووسیا فشاری کردووە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی ئاسایشی دوای جەنگی ساردی ئەوروپادا، بە جۆرێک کە ناتۆ هێز و چەکەکانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی خۆی بکشێنێتەوە.

بەپێی دوو بەرپرس، بەرپرسانی ئەمەریکا پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ڕەنگە سەرۆک ترامپ مانگی داهاتوو لە لووتکەی گروپی بیست کە لە میامی میوانداریی دەکات، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا سەبارەت بە چۆنێتی کۆتاییهێنان بە جەنگ گفتوگۆ بکات. بەڵام بەرپرسێکی باڵای فەڕەنسا ڕایگەیاند کە لە لووتکەی گروپی بیست هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەوروپاییەکان لەسەر ئۆکراینا ناکرێت، چونکە ئۆکراینا بانگهێشت نەکراوە. سەرۆک ترامپ بانگهێشتی پوتنی کردووە بۆ لووتکەکە، هەرچەندە سەرۆکی ڕووسیا هێشتا ڕاینەگەیاندووە کە ئایا بەشداری دەکات یان نا.

بەرپرسانی ئۆکراینا سنووردارکردنەکانی ئەم دواییەی سەر خێرایی سیستمی ستارشیڵد، کە وەشانە سەربازییەکەی سیستمی پەیوەندیی مانگی دەستکردی ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسکە، لەگەڵ دواکەوتنی گەیاندنی مووشەکە بەرگرییەکانی پاتریۆت لە چەند مانگی ڕابردوودا، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی کیێڤ و زیادکردنی فشارەکان لێکداوەتەوە تا ناچار بە سازشکردن بێت بۆ ڕووسیا. بەرپرسە باڵاکەی ئۆکراینا هەنگاوەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپی بە '' هەڵبژاردنێکی ڕوون '' بۆ یارمەتیدانی مۆسکۆ لە بەدەستهێنانی مەرجی لەبار لە دانوستانەکانی ئاشتیدا وەسف کرد.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بیرکردنەوەی کرێملن ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕووسیا دەیەوێت هەڵمەتە پلان بۆداڕێژراوەکەی بۆ هێرشی ئاسمانی بەکاربهێنێت تا پێگەی خۆی بەسەر ئۆکراینادا لە گفتوگۆکانی داهاتوودا بەهێزتر بکات، ئەمەش وا دەکات ئەگەری ڕازیبوونی مۆسکۆ بە ڕێککەوتنێکی خێرا لاواز بێت. دانوستانەکان تەنیا لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بە تاوتوێکردنی داواکارییەکانی ڕووسیا سەبارەت بە پرسە ئاسایشییە فراوانەکانی ئەوروپا کە پوتن دەڵێت دەبێت بەشێک بن لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی. ئەمەش ئەگەری ڕازیبوونی مۆسکۆ بەو ڕێککەوتنە خێرایەی سەرۆک ترامپ هەوڵی بۆ دەدات هێندەی تر کەم دەکاتەوە، مەگەر ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی مل بۆ داواکارییەکانیان بدەن.

وڵاتانی ئەورووپا کە دەیانەوێت سەرەتا ئاگربەست ڕابگەیەنرێت پێش ئەوەی بیر لە گفتوگۆکردن لەسەر چوارچێوە ئاسایشییە فراوانەکەی ئەوروپا بکەنەوە، داوای ڕۆڵێکی فەڕمییان لە گفتوگۆکاندا کردووە، ڕووسیاش ڕایگەیاندووە کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی پێویستی بە بەشداری و بۆچوونی ئەوان دەبێت. بەڵام پوتن هیچ بەڵێنێکی نەداوە بۆ فراوانکردنی دانوستانەکان و گوتوویەتی کرێملن تەنیا دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەوروپا لە مۆسکۆ لەگەڵ هاوتاکانیان کۆدەبنەوە، بڕیار دەدات.

بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن ناکۆکییە خاکییەکان و پرسە فراوانەکانی تایبەت بە ئاسایشی ئەوروپا پێکەوە و هاوتەریب چارەسەر بکەن، چونکە هەردووکیان بە کلیلی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەزانن. ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ ڕازییە بە ڕێککەوتنێکی ئەگەریی کە تێیدا ئۆکراینا گەرەنتیی ئاسایشیی لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەربگرێت، کە لەسەر شێوازی ماددەی پێنجەمی بەرگریی هاوبەشی ناتۆ داڕێژرابێت.