کەشتیی ئاسمانیی دێرینی ڤۆیەجەر 1ـی سەر بە ئاژانسی ناسا، ڕۆژی چوارشەممە مێژووی تۆمار کرد بەوەی بووە یەکەمین تەنی دەستکردی مرۆڤ کە بە مەودای یەک ڕۆژی ڕووناکی تەواو لە زەوی دووربکەوێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڤۆیەجەر 1 لە دووریی زیاتر لە 26 ملیار کیلۆمەتر، یان یەک ڕۆژی ڕووناکییەوە، پەیوەندی بە زەوییەوە کرد.
کۆنتڕۆڵکەرانی گەشتە ئاسمانییەکانی ناسا ڕێک 24 کاتژمێر دوای ناردنی، پەیوەندییەکەی کەشتییەکەیان پێگەیشت. 'ڕۆژی ڕووناکی' بریتییە لەو مەودایەی کە تیشکی ڕووناکی لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەیبڕێت و یەکسانە بە نزیکەی 25.9 ملیار کیلۆمەتر.
نیشان کازاریان، کۆنتڕۆڵکەری گەشتەکە لە نێو چەپڵە و خۆشیی ئامادەبوواندا ڕایگەیاند، ''دووریی یەک ڕۆژی ڕووناکیی ڤۆیەجەر 1 پشتڕاست کرایەوە... ڤۆیەجەر 1 بەردەوامە لە گەشتەکەی بەرەو جیهانی نەزاندراو.''
نیکی فۆکس، بەرپرسی ئەرکە زانستییەکانی ناسا گوتی، ''جارێکی دیکە ڤۆیەجەر ژمارە پێوانەییەکان دەشکێنێت، سنوورەکان دەبەزێنێت و مرۆڤایەتی دەباتە گەشتێکەوە. هیچ کۆتاییەک بۆ ئەرکی ڤۆیەجەر نییە.''
کەشتی ڤۆیەجەر 1 کە لە ساڵی 1977 هەڵدرا، لە ساڵی 1979 بە تەنیشت هەسارەی موشتەری و لە ساڵی 1980 بە تەنیشت هەسارەی زوحەلدا تێپەڕی. لە ساڵی 1990 دوورترین وێنەی زەویی گرت کە بە ''خاڵە شینە کاڵەکە '' ناسراوە. لە ساڵی 1998ـدا بووە دوورترین تەنی دروستکراوی دەستی مرۆڤ، هەروەها لە ساڵی 2012ـشدا لە خولکەی کاریگەریی خۆر دەرچوو و چووە ناو واڵایی بەرفراوانی نێوان ئەستێرەکانەوە.
ناسا نەیدەتوانی ئەم ژمارە پێوانەییە نوێیەی دوورییەکە پشتڕاست بکاتەوە تا ئەو کاتەی ئاماژەکە لە ڕێگەی تەلەسکۆپی بۆشایی قووڵەوە لە نزیک مەدرید گەیشتە تیمی کۆنترۆڵ لە تاقیگەی پاڵنانی جێت لە کالیفۆرنیا. بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لەوەی ناسا ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پیرۆزبایی ''ڕۆژی ڕووناکیی ڤۆیەجەر'' لە هەمووان بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناسا، کەشتییەکە لە ڕۆژی 18ـی مانگی یازدە گەیشتووەتە ئەو قۆناغە مێژووییەی بڕینی مەودای یەک ڕۆژی ڕووناکی.
بۆ ئەوەی هەست بەوە بکرێت کە ڤۆیەجەر چەندە دوور کەوتووەتەوە لە ئێمە، تەنیا بەراوردی بکەن بەوەی کە تیشکی خۆر تەنیا 8 خولەکی پێدەچێت تا دەگاتە سەر زەوی.
ڤۆیجەر کە لە ساڵی 1977 ڕەوانەی واڵایی کرا، ماوەی 49 ساڵە بە خێرایی 61 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەناو واڵاییدا گەشت دەکات.
هەروەها ڤۆیەجەر 1 'تۆماری زێڕین'ـی هەڵگرتووە، کە دیسکێکی ڕووپۆشکراوە بە زێڕ و سڵاو و پەیامی بە 55 زمانی جیاوازی مرۆڤایەتی، لەگەڵ میوزیک و دەنگەکانی سەر زەویی تێدایە، وەک نامەیەک بۆ هەر شارستانییەتێک لە گەردوونی فراوانمان کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان بیدۆزێتەوە.
پلانی ناسا ئەوەیە کە ڤۆیەجەر 1 هەر بەردەوام بێت لە فڕین بەناو بۆشایی ئاسماندا. کەشتییەکە ئاڕاستەی هیچ شوێنێکی دیاریکراوی نەگرتووە، بەڵام دوای نزیکەی 40 هەزار ساڵی دیکە، بە مەودای نزیکەی 1.6 ساڵی ڕووناکی بە لای ئەستێرەیەکدا تێدەپەڕێت کە پێی دەگوترێت گلیس 445.
ڤۆیەجەر 1 هێشتا ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ زەوی دەنێرێتەوە، بەڵام لە 14ـی ئەم مانگەوە هیچ داتایەکی زانستی یان ئەندازیاریی نەناردووەتەوە بۆ زەوی؛ ئەندازیاران سەرقاڵی دەستنیشانکردنی کێشەکەن.