واشنتن چاوەڕوانی ئەنجامە و زەیدی لە جورف ئەلسەخر حەشدی شەعبی دەخاتە جێگەی کەتائیبی حزبوڵا

لە کاتێکدا واشنتن چاوەڕوانە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجامی بەرچاو لە بەرپرسیارکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەدەست بهێنێت، حکومەتی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێزێکی ئەمنی نوێ بە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی و بەشداریی دوو لیوای حەشدی شەعبی لە جورف ئەلسەخر جێگیر دەکرێت.

نوسینگەی عەلی زەیدی دەڵێت ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی ناوچەکە بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەت و ڕاگرتنی قاچاخچێتیی نەوت، لە ناوچەیەکدا کە ماوەیەکی درێژە لەژێر دەستی کەتائیبی حزبوڵای نزیک لە ئێراندایە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران "بە شێوەیەکی چالاک سەروەریی و ئابووریی عێراق لاواز دەکەن و لە ڕێگەی بەرتیل و گەندەڵییەوە سامانەکانی عێراق دەدزن، بۆ ئەوەی خۆیان و ڕژێمی تاران سوودمەند بن."

جورف ئەلسەخر؛ کێشەیەکی ئەمنی و مرۆیی

ئیلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری کاروباری عێراق کە لە ساڵی 2023ـدا لەلایەن کەتائیبی حزبوڵاوە ڕفێنرا، بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کێشەی جورف ئەلسەخر تەنها قاچاخچێتیی نەوت نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە پاکتاوی نەژادی، ونکردنی زۆرەملێی خەڵک و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە.

تسورکۆڤ جەختی کردەوە کە دەبێت دەوڵەتی عێراق کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بگەڕێنێتەوە، لە بوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆگاکانی چەک بکۆڵێتەوە و ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدات، کە بەپێی خەماڵاندنەکانی ئەو، ژمارەیان لە نێوان 120 هەزار تا 180 هەزار کەسدایە.

مایکڵ پریجێنت، شیکەرەوەی ئەمەریکایی و ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سەربازیی ئەمەریکا، هەڵسەنگاندنێکی جیاوازی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق هەیە.

ئەو پێی وایە ئۆپەراسیۆنەکە هەوڵێکی ڕاستەقینە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کەتائیبی حزبوڵا، بەڵکو "نمایشێکی سیاسییە" بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بە واشنتن بدرێت کە حکومەتی بەغدا دژی میلیشیاکان هەنگاو دەنێت.

مایکڵ پریجێنت، شیکەرەوە و ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سەربازیی ئەمەریکا

پریجێنت ئاماژە بە ڕۆڵی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، و ئەبو فەدک، فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵا، لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکات. هەروەها ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە ئامادەبوونی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، لە بەغدا بە نیشانەیەکی دیکەی ئەوە دەزانێت کە هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاکان لە ئارادا نییە.

پریجێنت دەڵێت هەنگاوەکانی زەیدی تەنها گۆڕینی فەرماندەیی و جێگۆڕکێی هێزەکانە، نەک گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەبو فەدک لەم ئۆپەراسیۆنە ناترسێت، چونکە خۆی بەشێکە لێی."

پشتگیریی سنوورداری زەیدی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا

لە لایەکی دیکەوە، تسورکۆڤ دەڵێت گەورەترین ئاستەنگی بەردەم سەرۆکوەزیران زەیدی و فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پشتگیرییە سنووردارەکەیانە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

بەپێی ئەو، زۆرینەی لایەنەکانی ئەو چوارچێوەیە لەگەڵ چارەسەرێکی ئاشتییانەدان، کە لەوانەیە چارەسەرێکی ڕاستەقینە نەبێت، بەڵام ڕێگە بە حکومەت و کەتائیبی حزبوڵا بدات هیچ لایەنێکیان هەست بە شکست نەکەن.

تسورکۆڤ دەڵێت ڕژێمی ئێرانیش هەوڵ بۆ ئەم جۆرە چارەسەرە دەدات. ئەو هەروەها ئاگاداری دەدات کە میلیشیاکان نفووزێکی قووڵیان لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا هەیە، تەنانەت لەناو ئەو هێزانەشدا کە بڕیارە دژی میلیشیاکان بجوڵێنەوە.

ئیلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری کاروباری عێراق

بۆیە تسورکۆڤ ئامانجی چەککردنی تەواوی میلیشیاکان تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بە ئامانجێکی ناواقیعی دەزانێت و پێشنیاری چاکسازیی هێواش و هەنگاو بە هەنگاو لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.

تسورکۆڤ گوتی، "دەبێت دەسەڵاتی میلیشیاکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەنگاو بە هەنگاو کەم بکرێتەوە و دڵسۆزیی فەرماندەکان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەوڵەت مسۆگەر بکرێت."

گۆڕینی هێزەکان یان گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت؟

هەندێک چاودێر گومانیان لەوە هەیە کە ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، ببێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی میلیشیاکان لە ناوچەکە.

بەپێی ئەو بۆچوونانە، لەوانەیە تەنها ڕێکخستنەوەیەکی سەربازی لە جورف ئەلسەخر ئەنجام بدرێت و کۆنترۆڵی ناوچەکە لە دەستی ڕێکخراوی بەدردا بمێنێتەوە، چ لە ڕێگەی باڵە چەکدارەکەیەوە بێت یان لە ڕێگەی نفووزە فەرمییەکەی لەناو پۆلیسی فیدراڵیدا.

بەم پێیە، لەوانەیە میلیشیاکان لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و تەنها ناو و چوارچێوەی فەرمییان بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا بەردەوامی بە دەستەڵاتیان لە ناوچەکەدا بدەن.

بۆیە پرسیاری سەرەکی لە واشنتن و بەغدا ئەوەیە: ئایا جورف ئەلسەخر بەڕاستی دەگەڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، یان تەنها ناو و شێوازی بەڕێوەبردنی هەمان ئەو گرووپە چەکدارانە دەگۆڕدرێت؟