دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان میانماری بە جینۆسایدی خەڵی ڕۆهینگا تاوانبار کرد

دیمەنی ساتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لاهایە.

دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی دەرکرد، تێیدا میانمار تاوانبار کرا بە ئەنجامدانی جینۆساید لە دژی پێکهاتەی ڕۆهینگای موسوڵمان لە وادەی سەرکوتکارییەکی سەربازیی دڕندانەدا لە ساڵی 2017.

دادگای دادی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لاهای هۆڵەندایە، بە دەنگی 9 بەرامبەر بە 6 گەیشتە ئەو دەرئەنجامە.

یوجی ئیواساوای، سەرۆکی دادگاکە، لە وادەی ڕاگەیاندنی قەزاوەتەکەدا وتی کە دەزگای دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دەرکەوتووە کە میانمار "جینۆسایدی لە دژی گروپی ڕۆهینگا لە باکووری ویلایەتی راخاین ئەنجام دراوە، ئەمەش پێشلکاریی پابەندییەکانە لە سایەی پەیماننامەی جینۆساید."

ئەمە یەکەم جارە دادگای دادی نێودەوڵەتی وڵاتێک بە بەرپرسیار دابنێت لە ئەنجامدانی جینۆساید.

ئاواساوا وتی کە سوپای میانمار بە "مەبەستی لەناوبردنی"ـی بڕێکی دیاری دانیشتوانی ڕۆهینگا لە وادەی ئۆپراسیۆنەکانی 2017ـدا کاری کردووە.

دادگاکە وتیشی، "دادگا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانی ئاسایش لە میانمار هەزاران کەسی مەدەنی ڕۆهینگایان کوشتووە، و کرداری بەرفراوانی توندوتیژیی سێکسییان ئەنجام داوە. هەروەها توندیژی لەڕادەبەدەریشیان بەرامبەر منداڵان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی زۆری ڕۆهینگا لە کاتی هەڵهاتنیان بەرەو بەنگلادیش."

هەروەها دادوەرەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە میانمار شکستی خواردووە لە لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن، و سزادانی ئەوانەی بەرپرسیاربوون لەو کارە دڕندانە، لەنێو ئەوانەشدا فەرماندە سەربازییەکان، کە پێشێلکاریی پەیماننامەی جینۆسایدە.

دادگاکە فەرمانی دا بەو وڵاتەی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا کە ڕێگە بدات ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و قەرەبوشیان بکاتەوە، بەگوێرەی ئەو زیانەی بەر قوربانییەکان کەوتووە، هەرچەندە دەستبەجێ بڕی قەرەبووەکەی دیارینەکرد.

ئاواساوا وتی، "بابەتی بڕ و شێوازی قەرەبووەکە ... دەبێت لە قۆناغەکانی دواتری ڕێکارەکاندا دیاریبکرێت."

هەروەها فەرمانیشی بە میانمار کردووە لە ماوەی دوو ساڵدا ڕاپۆرتێک پێشکەش بکات لەبارەی ڕێکارەکان کە بۆ دابینکردنی قەرەبووەکان دەیانگرێتەبەر.

لە کاردانەوەی بڕیارەکەشدا، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دەستخۆشی لە بڕیارەکە کرد و وەک "ناساندنێکی درێژخایەنی ئەو نەهامەتییانەی کە لەسەر دەستی سوپای میانمار بەسەر ڕۆینگا هاتووە" وەسفیکرد.

هەروەها ئەجینز کالاماردی، سکرتێری گشتیی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ستایشی بڕیارەکەی کرد.

کالامارد وتی، "جینۆساید؛ ئەمەش ئەنجامی بێئەملاوئەولای دادگای دادی نێودەوڵەتییە. لە پاش ساڵانێک لە نکوڵیکردن، لێنەپێچینەوە و شاردنەوەی ڕاستی، ئەم بڕیارە دانپێدانانێکی مێژوویی و بە‌هێزە بۆ ئەو کارە دڕندانانەی لە دژی ڕۆهینگا ئەنجام دراون و ساتێکی مێژووییە لە بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ ڕزگاربووان، قوربانییەکان، و کەسوکاریان."

لە مانگی سێی 2022، ئەمەریکا دانی بەوەدانا کە سوپای میانمار "جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" بەرامبەر خەڵکی ڕۆهینگا ئەنجام داوە. ئەمەریکا وتیشی کە هێرشەکانی سوپای میانمار لە ساڵی 2017ـدا زیاد لە نۆ هەزار کەسیان لە کۆمەڵی ڕۆهینگا کوشتووە.

بەگوێرەی رێکخراوی پزیشکانی بێسنور، سوپای میانمار هەڵمەتێکی سەرکوتکاریی لە ویلایەتی ڕاخاین لە ساڵی 2017 ئەنجام داوە کە بووەتە مایەی کوژرانی هەزاران کەسی ڕۆهینگا و ناچارکردنی زیاد لە 700 هەزار کەس کە هەڵبێن بۆ وڵاتی بەنگلادیشی دراوسێ، کە تاوەکو ئێستا زۆریان وەک ئاوارە لە کامپەکاندا ماونەتەوە.

میانمار بەردەوام نکوڵی کردووە لەوەی جینۆسایدی ئەنجام دابێت، و بەردەوام بووە لەوەی کە بڵێت هێزەکانی بەرپەرچی هێرشی گروپە چەکدارە هەڵگەڕاوەکانیان داوەتەوە. میانمار هەتا ئەمادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچی لەبارەی بڕیارەکەی دادگا نەوتووە.

ئەو داوایە ساڵی 2019 لەلایەن وڵاتی گامبیا، کە وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمانی خۆرئاوای کیشوەری ئەفەریقایە، لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمارکرا کە تیایدا میانماری تۆمەتبارکردووە بە پێشێلکردنی پەیماننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948.

بڕیارەکەی دادگاکە لەڕووی یاساییەوە وابەستەکارانەیە، هەرچەندە دەستەڵاتەکانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە سنوردارن.