ئۆکراینا جارێکی تر پردی سەرەکی کرایمیا دەکاتە ئامانج لە کاتێکدا نێردەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا لەگەڵ زێلێنسکی کۆدەبنەوە

مووشەکەکانی ئۆکراینا شەوی ڕابردوو ئەو پردەیان پێکا کە ڕووسیا بە نیمچەدوورگەی داگیرکراوی کرایمیاوە دەبەستێتەوە، ئەمەش زیانی بە هێڵی شەمەندەفەرەکەی گەیاند و جووڵەی شەمەندەفەرەکانی ڕاگرت. ئەمە سێیەم هێرشە لەم هەفتەیەدا کە بۆ سەر ئەو ڕێڕەوە ئەنجام دەدرێت.

هێرشەکە چەند کاتژمێرێک پێش یەکەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جینپینگ لە شاری شینجێنی چین ئەنجام درا، کە تێیدا جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا لە کارنامەی گفتوگۆکاندا بوو.

هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، نێردەکانی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جێرید کوشنەر، گەیشتنە بەرلین بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپاوە بکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێدانی گەرەنتیی ئاسایشی بە ئۆکراینا.

پردەکە جارێکی دیکە کرایە ئامانج

ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ''ئامانجەکە پێکراوە و هاتووچۆ لەسەر پردەکە داخراوە. هێڵی ئاسنینەکەش زیانی بەرکەوتووە.'' ئاماژەی بەوەش دا کە سیستەمە مووشەکییە کەنارییەکانی جۆری '' نێپتن''ـی سەر بە هێزی دەریایی هێرشەکەیان ئەنجام داوە. مووشەکی نێپتن مووشەکێکی کروزی دروستکراوی ئۆکراینایە و بەوە ناسراوە کە لە ساڵی 2022ـدا کەشتیی جەنگی مۆسکڤای ڕووسیای نقووم کرد.

وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا ڕایگەیاند کە بە وەستانی هاتوچۆی شەمەندەفەر، سووتەمەنی و تەقەمەنی ڕووسیا ناچار دەبن لە ڕێگەی وشکانییەوە و بە درێژایی بەرەکانی جەنگ بگوازرێنەوە و گوتی ''درۆنەکانمان چاوەڕێی بارەکان دەکەن.''

وەزارەتی گواستنەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک بریندار نەبووە و هاتووچۆی شەمەندەفەر بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە. سەرۆکی دەستنیشانکراوی ڕووسیا لە کرایمیا، سێرگێی ئاکسیۆنۆڤ، ڕایگەیاند کە خزمەتگوزاریی هێڵی ئاسنین دەوروبەری کاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ دەستپێدەکاتەوە و گوتی، ''کرێکارانی هێڵی ئاسنینمان هەوڵی قارەمانانە دەدەن بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بە هۆی هێرشی دوژمنەوە کەوتوونەتەوە.''

بەشی شەقامی ئۆتۆمبێلەکانی پردەکە لە ڕۆژی سێشەممەوە داخراوە، کاتێک هێرشێکی ئۆکراینا بووە هۆی داڕمانی بەشێکی ڕێگاکە. بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن کردنەوەی ئەو بەشە یەک بۆ دوو مانگی پێدەچێت.

پوتین لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە شینجێن بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا و گوتی، ''وەڵامی ئەم هێرشانە دەدەینەوە و دەمەوێت هەمووان لەوە دڵنیا بن.'' هەروەها ڕایگەیاند کە فەرمانی داوە چیتر ئەو پردە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی یان تەقەمەنی بەکارنەهێنرێت.

نێردەکان لە بەرلین

نێردەکانی ئەمەریکا، ویتکۆف و کوشنەر، کەمێک دوای کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ گەیشتنە نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت ''هاوپەیمانیی ویست'. چاوەڕوان دەکرا نزیکەی 40 شاند بەشدار بن کە نزیکەی 30 شاندیان لەلایەن سەرۆکی دەوڵەت یان سەرۆکی حکومەتەوە سەرۆکایەتی دەکران، لە نێویاندا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکوەزیری بەڕیتانیا ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیری ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی و سەرۆکوەزیری پۆڵەندا دۆناڵد توسک.

کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی 'هاوپەیمانیی ویست"ـی وڵاتە پشتیوانەکانی ئۆکراینا لە بەرلین، ڕۆژی 19ـی یازدەی 2026.

کوشنەر پێش کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی کە کارە لەپێشینەکان بریتین لە بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئۆکراینا و ئەوروپا، و ''کارکردن بەرەو هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر توخمە سەرەکییەکانی ئاشتییەکی بەردەوام و ئامادەکردنی کارنامە و شێوازی گەڕی داهاتووی دانوستانە فرەلایەنەکان.''

زێلێنسکیش لە تێلێگرام نووسی، ''هەموو شتێک دەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوروپا بە تەواوی لە پرۆسەی دانوستانەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێت و کۆبوونەوەکان ئەنجامیان دەبێت.''

بەردەوامیی هێرشەکان و زیانی مەدەنی

پارێزگاری ناوچەی خارکیڤ، ئۆلێه سینیهوبۆڤ، لە تێلێگرام ڕایگەیاند کە هێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئیزیوم بووەتە هۆی برینداربوونی 16 کەس کە چواریان منداڵن، هەروەها بەشی پلیکانەکانی باڵەخانەکەی وێران کردووە. هەروەها بەرپرسی ناوچەی بوچا لە هەرێمی کیێڤ، تیمور تکاچینکۆ، ڕایگەیاند کە هێرشێکی درۆنی بووەتە هۆی کوژرانی ژنێک و برینداربوونی پیاوێک. دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا شەوی ڕابردوو تێپەڕبوونی 98 درۆنی ڕووسیایان لەگەڵ مووشەکی دژەکەشتی تۆمار کردووە.

بەرپرسانی ناوچەیی لە تێلێگرام ڕایانگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە کاتێک ڕووسیا بە سێ شەپۆلی هێرش ناوەڕاستی شاری ئۆدێسای بۆردومان کرد، چوار کەس کوژران و لانیکەم حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕووسیاش، بەپێی دەزگای هەواڵی فەرمی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی، پارێزگاری ناوچەی کورسک ئەلێکساندەر خینشتاین، لە پلاتفۆرمی پەیامگۆڕینەوەی ڕووسیی ماکس ڕایگەیاند کە هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر شاری کورسک بووەتە هۆی برینداربوونی 11 کەس، لە نێویاندا مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ کە لەژێر داروپەردوودا دەرهێنراوە.