سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕەنگە ئێران ڕوو لە چەکی گازی و بایۆلۆجی بکات

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە شیانی هەیە ئێران پەنا بۆ بژاردەی دیکەی وەک ''چەکی گازی و بایۆلۆجی'' ببات، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەم دواییە کە ئاماژەیان بەوە داوە تاران پلانی تەقاندنەوەی ''بۆمبێکی پیس'ـی تیشکدەر لە واشنتن داڕشتووە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی، ''ئاماژە هەیە کە ئێران چاوی لە چەکی گازی و بایۆلۆجییە، چونکە ئێمە دەرگای ئەتۆمیمان لێ داخستوون... ئەمەش کارێکی باشە.''

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستە دانیشتوانی واشنتنی پایتەخت نیگەران بن لە ئەگەری هێرشی ئێران، سەرۆک ترامپ گوتی، ''پێم وانیە، نەخێر.'' بەڵام هۆشداریشیدا و گوتی، ''ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات، دەیانسڕینەوە، بەڵێنتان پێ دەدەم.''

لەلای خۆیەوە ئێران ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە و بە ''هەڵبەستراو'' ناویبردن.

سەرۆک ترامپ پێشبینی پێشهاتێکی ئەگەریی لە ساڵی نوێدا کرد سەبارەت بە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران و گوتی، ''ساڵێکی نوێمان لە پێشە و دەبینین دوای یەکی مانگی یەک چی ڕوودەدات،'' بەبێ ئەوەی باس لە وردەکاریی ئەو پێشهاتە چاوەڕوانکراوە و هۆکاری گرنگیی ئەو بەروارە بکات.

سەرۆک ترامپ ئەم چاوپێکەوتنەی پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی چین و ڕووسیا، شی جینپینگ و ڤلادیمیر پوتن، لە شاری شێنجینی چین لە پەراوێزی لوتکەی ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن، ئەنجام دا. ڕاشیگەیاند کە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی لەگەڵ ئێران پێویستی بە هاوکاریی ئەو سەرکردانە نیە.

لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیارانەی کە دەڵێن ڕەنگە چین و ڕووسیا هاوکاریی ئێران بکەن، سەرۆک ترامپ گوتی، ''ئێمە بە وردی دەزانین ئەوان چی دەدەن بە ئێران، شتێکی زۆر کەم و بێبایەخە.''

لە کاتێکدا بەڵێنی دا ڕێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، سەرۆک ترامپ گوتی هێشتا دەرگای کراوەیە بۆ ڕێککەوتن، بەو مەرجەی ڕێککەوتنێکی ''درێژخایەن'' بێت کە لە دوای ئەو و بۆ سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمەریکاش بەردەوام بێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ڕافایل گرۆسی، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەزگاکەی ناتوانێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی ماددە ئەتۆمییە ڕاگەیەندراوەکانی ئێران لە بواری ئاشتییانەدا بەکاردەهێندرێن، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هاوکاریی تاران لەگەڵ پشکنەرەکان و نەبوونی پشکنینی مەیدانی. گرۆسی داوای لە ئێران کرد هاوکاری دەزگاکە بکات و ڕێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرەکان بدات.

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە لە وەڵامێکدا، داواکارییەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕەت کردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو زانیارییانەی لەلایەن دەزگاکەوە کۆدەکرێنەوە، ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ هەوڵەکانی چاودێریکردن، بەڵام ''بەدڵنیاییەوە'' بۆ هێرشەکانی داهاتوو دژی ئێران بەکاردەهێندرێن.

نوێنەرایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ''هیچ پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی و هاوکاریی بێمەرج ناخرێتە قوربانیی ئاسایشی نیشتیمانی.''