دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەیپێک لە چین، جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشەنگی جیهانە لە بواری 'ژیری باڵا' کە لە جیهاندا بە 'ژیری دەستکرد' دەناسرێت.
ترامپ بە سەرکردەکانی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەیپێک)ـی گوت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شانازی بەوە دەکات کە پێشەنگی جیهانە لە بواری ژیری باڵا، کە گەورەترین گۆڕانکاریی تەکنەلۆژییە لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە واشنتن بە توندی دژی هەر جۆرە "ڕێساکارییەکی جیهانگەراکان" دەوەستێتەوە کە ئامانجی کۆنترۆڵکردن یان سنووردارکردنی ژیری باڵا بێت. سەرەڕای ئاماژەکردن بە "هەندێک" لە لایەنە خراپەکانی، ئەو تەکنەلۆژیا نوێیەی بە شتێکی "نزیکەی بە تەواوی باش" وەسف کرد.
ترامپ گوتی، "ئەمەریکاییەکان ژیری باڵایان داهێنا... و ئەم تەکنەلۆژیایە خۆشگوزەرانی و گەشەیەکی نائاسایی بۆ خەڵکی سەرانسەری جیهان بەدی دەهێنێت. بۆیە نامانەوێت هیچ شتێک بکەین کە توانای گەورەی ئەم تەکنەلۆژیایە لەناو ببات. ئەمە ژیری باڵایە، بەڵێ، ژیری باڵایە، بەڵام دەبێت چاودێریی بکەین و وریا بین."
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، "دەبێت ئەم تەکنەلۆژیایە بە بەنرخ بزانین و پارێزگاریی لێ بکەین. نزیکەی بە تەواوی باشە، بەڵام هەندێک لایەنی خراپیشی هەیە، بۆیە دەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو لایەنە خراپانەدا زۆر وریا بین. بۆیە ئێمە دژی هەر جۆرە ڕێساکارییەکی جیهانگەرا یان هەر هەوڵێکین بۆ کۆنترۆڵکردن یان سنووردارکردنی ژیری باڵا، و بەڕاستی ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە واشنتن و پەکین لە ڕکابەرییەکی توندان بۆ بەدەستهێنانی پێشەنگایەتیی جیهانی لە بواری ژیری دەستکرد و سێمایکۆندەکتەرەکان یاخود نیمچەهەڵگرە پێشکەوتووەکان.
جگە لە گفتوگۆکان دەربارەی تەکنەلۆجیای سەردەم، سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، تاوتوێی چەندین بابەتی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری جیهانی کرد.
سەربارەی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا و چین لەسەر گرنگیی دڵنیابوون لە بەردەوامیی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز هاوڕان، هەروەها هەردوو وڵات بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە ڕێگریکردنی ئێران لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی هەیە.
دوای کۆبوونەوەکان، ئەمەریکا و ڕووسیا و چین لە بەیاننامەیەکدا 'جاڕنامەی ئاشتی'ـیان بڵاو کردەوە، بۆ چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شەڕی ئەتۆمی، زیادکردنی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و پاراستنی ڕەوتی وزەی سەقامگیر.