کۆبوونەوەی مێژوویی سەرۆکی ئەمەریکا و چین و ڕووسیا دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی سێ‌قۆڵی لەنێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڕۆژی پێنجشەممە 19ی مانگی یازدە لە شاری شێنژنی چین دەستی پێکرد.

ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی سێ‌قۆڵیە لەنێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین کە لە پەراوێزی لوتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن بەڕێوەدەچێت.

کۆنترۆڵکردنی چەکە ئەتۆمییەکان، شەڕی ئۆکرانیا، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەر سێ وڵاتەکە، لە گرنگترین بابەتەکانی ئەم دانوستانانەن.

ترامپ پێشتر ئاماژەی بە نیازی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ڕووسیا و چین لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کردبوو.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە بەڕێوەدەچێت کە ترامپ بە جیا دیداری لەگەڵ پوتن و شی جینپینگ ئەنجامدا. کرێملینیش ڕایگەیاندبوو کە شەڕی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی 42 خولەکی ترامپ و پوتن بووە.

هەروەها پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە، دۆناڵد ترامپ لە دیدارێکدا لەگەڵ شی جینپینگ جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ڕۆیشتنی نەوت بە گەرووی هورمزدا کردبووەوە.

بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان

لە گرنگترین ئەو پرسەی کە لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوانەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت ئەمانەن:

شەڕی ئۆکرانیا: گەڕان بەدوای ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.

چەکی ئەتۆمی: کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان.

بازرگانی و ئابووری: چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری.

تەکنەلۆژیا: کێبڕکێ لە بواری زیرەکی دەستکرد، چیپی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای نوێ.

ئەیپێک و داهاتووی ئابووری جیهان

کۆبوونەوەی ئەیپێک 21 وڵاتی ئابووری ئەندام لەخۆدەگرێت و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پەرەپێدانی بازرگانی ئازاد، ئابووری دیجیتاڵ، نوێکاری و هاوکاریی ئابووری.

بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، سەرنجەکان تەنها لەسەر ڕێککەوتنە ئابوورییەکان نیین، بەڵکو چاودێران گرنگییەکی تایبەت بە ئەنجامی دیدارەکانی سەرکردەکان دەدەن و چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئەم گفتوگۆیانە تا چەند دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکان و هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا.