وەزیری بەرگری تورکیا: پێویستە پەکەکە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی تەواو بکات

وەزیری بەرگری تورکیا، یاشار گولەر، ئەمڕۆ چوارشەممە لێدوانی دا سەبارەت بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی کە حکومەتی تورکیا بە 'تورکیای بێ تیرۆر' ناوی دەبات.

گولەر ڕایگەیاند کە پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەموو گرووپەکانی سەر بەو حزبە چەکەکانیان دابنێن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و "بە شێوەیەکی خێرا و بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی پرۆسەکە" هەڵسوکەوت بکەن.

ناوبراو گوتی لەم چوارچێوەیەدا پێویستە گرووپە چەکدارەکانی سووریاش تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سوریا تەواو بکەن، چونکە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بۆ ئەوان گرنگە.

ئاماژەی بەوەش دا کە لەسەر ئەم بابەتە حکومەتی تورکیا "هەماهەنگییەکی بەهێز" بەڕێوە دەبات.

گولەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ "بەرژەوەندییە ئاسایشییە هاوبەشەکان" هاوکاری دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم)، تونچەر باکرهان، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کە لە زیندانی ئیمراڵی، سکرتاریەتی عەبدوڵا ئۆجەلان بەهێز کراوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەبێت. باکرهان ڕوونیشی کردەوە کە سکرتاریەتی ئۆجەلان بە مەبەستی کارکردنی خێراتر و کاریگەرتر بەهێز کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی تورکیا لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەیەک بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی پرۆسەکە پێکبهێنێت.