ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران تەنها بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانە دەمێننەوە

ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئاژانسەکەی ناتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ماددە ناوەکییە ئاشکراکانی ئێران بە تەواوەتی بۆ مەبەستی ئاشتی بەکاردەهێنرێن، و ئاماژەی دا بە نەبوونی هاریکارکردنی پشکنەران بۆ پشتراستکردنەوەی پێگەکان.

ماددە ئەتۆمییە ڕاگەیەندراوەکانی ئێران 440 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز لەخۆ دەگرن.

گرۆسی لە جنێڤ بە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکەی وت، "ئەگەر ئێران زانیارییمان پێنەدات لەبارەی دۆخی ماددە ئەتۆمییە ئاشکراکراوەکان و دامەزراوەکان و دەستڕاگەیشتن بەو دامەزراوانە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی پشتراستکردنەوەی مەیدانیی، ئاژانسەکە ناتوانێت بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە هیچ بەلاڕێدابردنێک ڕووینەداوە لەو ماددە ئەتۆمییە ئاشکراکراوانەی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازییەکەی ئێران."

گرۆسی وتیشی ساڵ و نیوێکە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاگای لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران نەماوە لەو دامەزراوە ئاشکراکراوانەی کە بوونە ئامانجی بۆردومانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ساڵی 2025ـدا.

لانیکەم سیان لەو دامەزراوانە لە وادەی جەنگەکەدا پێکران. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وتی کە نەیتوانیوە هەموو لایەنەکانی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر بپشکنێت.

لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە لە 13ـی شەشی 2025، ئێران نەیوستووە ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بپشکنن. پشکنەرانی ئاژانسەکە بەنیازبوون ئەو ڕۆژە سەردانی پێگەکان بکەن.

گرۆسی هانی ئێرانی دا ڕێگە بە گەڕانەوەی پشکنەران بدات بۆ ڕاپەڕاندنی ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ دانانی پارێزبەندییەکان لە سایەی ڕێکەوتننامەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی کە ئێران ساڵی 1970 واژۆی کردووە.

گروسی وتیشی، "دۆخەکە زۆر ڕژدە. ئێمە بانگهێشتی هاوڕێ ئێرانییەکانمان دەکەین و داوایان لێدەکەین کە جارێکی دیکە لەگەڵمان کاربکەن."

گرۆسی پێشنیازی چەند هەنگاوێکی تەکنیکی کردووە کە دەکرێت بەهۆیانەوە پشکنەرەکان بگەڕێنەوە و متمانە لەنێوان ئاژانسەکە و ئێران دروستبێتەوە بەرەو ئەگەری ڕێککەوتنێکی فراوانتر.

ئێران خۆی یەکلاکردۆتەوە لەوەی کە ڕێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرەکان نادات، ئەگەر جەنگ لە ناوچەکە کۆتایینێت. نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 13ـی یازدە جەختی لەوە کردەوە کە پارێزبەندییە ستاندارەکان "ناکرێت دەستپێبکەنەوە و دەستیشپێناکەنەوە لەسایەی ئەم بارودۆخە نائاسییانەدا."

ئەمەریکا داوای لە تاران کردووە ڕێگەی گەڕانەوە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات، و ئاژانسەکەش هۆشداری دا کە نەتوانینی پشتراستکردنەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەستڕانەگەیشتن بە دامەزراوەکان دەبنە نیگەرانییەکی گەورە لە پرسی ئەتۆمی ئێران.