دەستەڵاتدارانی کوەیت و بەحرەین ڕایانگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان ڕۆژی چوارشەممە ڕێگرییان لە هێرشی ئاسمانیی ئێران کردووە و هۆشدارییان داوە کە زیادکردنی گرژییەکان دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
بەحرەین کە لە ڕۆژی هەینییەوە سێ جار هێرشی جیاجیای درۆنی لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ڕێگرییان لە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی "ناپاکانەی ئێران" گرتووە.
سوپای کوەیتیش لە پۆستێکیدا لە ئێکس نوسیویەتی کە بەرەبەیانی چوارشەممە بەرپەرچی هێرشە درۆنییە "دوژمنکارانەکە"ـی ئێرانی داوەتەوە و ڕێگری لێکردووە.
وەزارەتی کاروبارەی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند هێرشەکان "هەڕەشەی ڕاستەوخۆن لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی، و هەروەها پێشێلکارییەکی گەورەی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتین."
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، ئیرنا، دەڵێت سوپای وڵاتەکەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمەریکایی و پێگەکانی هەڵدانی درۆن و موشەکی لە بنکەی ئاسمانیی عەلی ئەلسالم لە کوەیت بە درۆن کردووەتە ئامانج.
هەروەها ئێران دەشڵێت هێرشەکانی لە کاتێکدا ئەنجامداوە کە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ڕوو لە زیادبوونن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکانی سێشەممە و هەینی بۆ سەر بەحرەین، دەڵیت کە چەندین درۆن کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هەڵدراون ڕێگرییان لێکراوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە ئامێر و کەلوپەلەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت و کەسی ئەمەریکایی بریندار بکات.
سێنتکۆم دەستبەجێ وەڵامی داواکاریی دەنگی ئەمەریکای بۆ لێدوان لەبارەی هێرشەکانی چوارشەممەی ئێران نەدایەوە.
قەتەریش کە نێوەندگیریی دەکات لەنێوان ئەمەریکا و ئێران، یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی سەرکۆنەکردنی ئێران بەهۆی "کاری نوێی دوژمنکارانە" لە دژی کوەیت و بەحرەین.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، "بەردەوامیدان بەو هێرشانە نمایندەی هەڵکشانێکی مەترسیدارە کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەوڵە ئاڵۆزەکان بەمەبەستی جڵەوکردنی کرژییەکان و دەشبێتە مایەی پەکخستنی هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکان بە ئاراستەی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا."
ئیماراتیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە کەسێکی دەستەی کەشتیوانی بزرە و یازدە کەسیشیان بریندارن پاش ئەوەی کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیای دەوڵەتی ئیمارات (ADNOC) ڕۆژی سێشەممە هێرشی کرایە سەر لەکاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورموزدا.
کۆمپانیای ADNOC ڕایگەیاند کە ئەمە دووەم هێرشە بۆ سەر کەشتییەکانی کۆمپانیاکە لە ماوەی هەشت ڕۆژدا.
عەرەبستانی سعودیەش سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد. جاسم بەدەوی، سکرێتی گشتیی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، وتی کە ئەنجومەنەکە ئێران بە بەرپرسیار دەگرێت لە هێرشەکان و ئەو هێرشەی کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئیمرات.