بەشێکی پردی کرایمیا لە هێرشێکی ئۆکراینادا ڕووخا

سوپای ئۆکراینا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی وڵاتەکەی بووەتە هۆی ڕووخانی بەشێک لەو پردەی کە ڕووسیا بە نیمچەدوورگەی داگیرکراوی کرایمیاوە دەبەستێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو مووشەکە بالیستیکییەکانی ڕووسیا هەردوو پردی باکوور و باشووری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایان پێکا.

ڕووسیا زیانگەیشتن بە پردەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی دا کە هاتووچۆی شەمەندەفەر درەنگانی ڕۆژی سێشەممە دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلەکان بە داخراوی ماوەتەوە و بەرپرسان ئامۆژگاریی شۆفێرانیان کردووە کە کەشتییە گوازەرەوەکانی ئۆتۆمبێل بەناو تەنگەی کیرچدا بەکاربهێنن.

ئەرکانی گشتی ئۆکراینا و دەزگای ئاسایشی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند کە هێرشەکە یەکێک لە کەوانە پۆڵاینەکانی پردەکە و بەشە ڕێگای ژێرەوەی وێران کردووە، بەڵام هێڵی شەمەندەفەرەکە زیانی پێنەگەیشتووە.

زێلێنسکی هێرشەکە بە وەڵامی هێرشەکانی ڕووسیا ناودەبات

سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هێرشەکەی بە ''ئۆپەراسیۆنێکی بێوێنە ' ناوبرد کە لە وەڵامی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکراینا ئەنجام دراوە. زێلێنسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد کە دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا و ئەرکانی گشتی بە هاوبەشیی پلانی ئۆپەراسیۆنەکەیان داناوە، کە چەند هەفتەیەکی خایاندووە و بە حەوت قۆناغ جێبەجێ کراوە.

بە گوتەی زێلێنسکی، پێش گورزی کۆتایی، یەکەکانی ئۆکراینا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و ئامێرەکانی جەنگی ئەلیکترۆنیی ڕووسیایان لەسەر ڕێگای ئامانجەکە لەناوبردووە. لە هێرشی شەوی کۆتاییشدا درۆنەکانی جۆری پالیانیتسیا ئاڕاستەی ڕێگای ئۆتۆمبێلەکان کراون و مووشەکەکانی نێپتون و درۆنی دیکەش ئاڕاستەی هێڵی شەمەندەفەرەکە کراون.

زێلێنسکی نووسیویەتی، ''ئێمە ژێرخانەکانمان نۆژەن دەکەینەوە، بەڵام هاوکات بە ڕووسیاش دەڵێینەوە کە جەنگ هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێوەی دەستی پێکردووە.''

سەرۆکی دەستنیشانکراوی ڕووسیا لە کرایمیا، سێرگێی ئاکسیۆنۆڤ، ڕایگەیاند کە لە هێرشەکەدا دوو کەس کوژراون. وەزارەتی گواستنەوەی ڕووسیاش لە تێلیگرام ئاماژەی بەوە دا کە هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان دەکرێت.

وتەبێژی کرێملن، دمیتری پێسکۆڤ، گوتی، ''هیچ گومانێک نییە کە پردەکە نۆژەن دەکرێتەوە و تەنانەت لە پێشتریش باشتر دەبێت.''

بۆ دووەم شەوی لەسەریەک، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ژمارەیەکی پێوانەیی درۆنی ئۆکراینای ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە هەزار و 441 درۆن بەسەر 22 ناوچەدا، لە کاتێکدا شەوی پێشتر هەزار و 336 درۆن بوون.

هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا

زێلێنسکی لە تێلیگرام ڕایگەیاند کە چوار مووشەکی باڵیستیکی ڕووسیا بەر پردی باشووری کیێڤ و سێ مووشەکیش بەر پردی باکوور کەوتوون. سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، ڤیتاڵی کلیچکۆ، گوتی بەشێک لە هێڵەکانی میترۆ زیانییان بەرکەوتووە و بەشێک لە دانیشتووان ئاو و کارەبایان بڕاوە. هەردوو پردەکەش داخراون تا ئەو کاتەی پسپۆڕان پشکنینیان بۆ دەکەن، هەروەها لانیکەم دوو کەس لە کیێڤ کوژراون.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ناوچەی زاپۆریژیا لە باشووری وڵات، میخایلۆ سێمیکین، ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر پێگە پیشەسازییەکان لە سێ قەزای ناوچەکە، دوو کەس کوژراون و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون. بە گوتە جێگری وەزیری وزە، ئارتێم نێکراسۆڤ، دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە، کارەبا لە هەشت ناوچە بڕاوە.

لە ناوچەی زاکارپاتیای ڕۆژئاوا کە هاوسنوورە لەگەڵ هەنگاریا، درۆنێکی ڕووسیایی لە دووریی نزیکەی 300 مەتر لە وێستگەی شەمەندەفەری شاری موکاچێڤۆ کەوتە خوارەوە. سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا پیتەر ماگیار لە فەیسبووک نووسیویەتی، ''بۆ ئەمڕۆ و سبەی هاتووچۆی شەمەندەفەر لە نێوان هەنگاریا و ئۆکراینا ڕادەگرین.''

گفتوگۆکان بۆ خولی داهاتووی دانوستاندنەکان

زێلێنسکی گوتی، ''ئێمە چەندین جار هەنگاومان بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە پێشکەش بە ڕووسیا کردووە، بەڵام هەموو پێشنیازێک بە دەنگی بەرز ڕەتکراوەتەوە.''

ڕۆژی دووشەممە، دانوستاندنکارانی ئۆکراینا، ئەمەریکا و ئەوروپا لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا پێداچوونەوەیان بە گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردووی ئەبوزەبیدا کرد کە بە بەشداریی ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکراینا بەڕێوەچوو. سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا، ڕوستەم ئومیرۆڤ، لە تێلیگرام نووسیویەتی، ''هەڵوێستەکانمان و هەنگاوە هاوبەشەکانی داهاتوومان یەکخست.''

نێردەی ئەمەریکا، جێرید کوشنەر، ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ''ئێمە بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ ڕووسیا، ئۆکراینا و ئەوروپا پێشکەوتن بەدەست دەهێنین بەرەو دەرەنجامێک کە بتوانێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت. ئاستەنگی گرنگ ماون و ڕێککەوتنی کۆتایی پێویستی بە بڕیاری قورس دەبێت.''

کوشنەر ئاماژەی بەوەش دا کە خۆی و ستیڤ ویتکۆفی هاوکاری لەگەڵ یوری یوشاکۆڤ، یاریدەدەری کرێملن، سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو قسەیان کردووە و پەیوەندییەکی بەرهەمداریشیان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا و ئەوروپا ئەنجام داوە. گوتیشی نێردەکان گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و ئەوروپادا کردووە و ڕایگەیاند، ''گرنگە هەردوو لا ڕاستەوخۆ گوێ لە نیگەرانی و پێشنیازەکانی یەکتر بگرن لە کاتێکدا کار دەکەین بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر و پارێزراوتر بۆ ئەوروپا.''

لە بەرامبەردا مۆسکۆ دڵنیاییەکانی هەفتەی ڕابردووی ئەمەریکای ڕەتکردەوە سەبارەت بەوەی ئەوروپاییەکان بەشداری خولی داهاتوو دەکەن. یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری کرێملن ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و فراوانکردنی چوارچێوەی گفتوگۆکان ''لەگەڵ ئێمە ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.''

کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی کە یەکەم دانوستاندنی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگری ئەمەریکا بوو لە ماوەی نۆ مانگدا، بە ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکان کۆتایی هات، لە کاتێکدا پرسی خاک بە چارەسەرنەکراوی مایەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە پرسی جەنگەکە یەکێک دەبێت لە تەوەرەکان کاتێک ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لە چین لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جینپینگدا کۆدەبێتەوە.