کۆڕبەندی ئەیپێک چییە و بۆچی گرنگە بۆ ئابووریی جیهان؟

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ کە ئەمڕۆ، 17ـی یازدەی 2026 گەیشتە فلیپین، بڕیارە درەنگانێکی چوارشەممە بگاتە چین بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئەیپێک. کۆڕبەندەکە سەرکردەکانی چەند لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان کۆ دەکاتەوە.

کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن یان ئەیپێک (APEC) یەکێکە لە گرنگترین کۆڕە ئابوورییەکانی جیهان کە ئەمەریکا، چین و ڕووسیا لە ئەندامە سەرەکییەکانی دەژمێردرێن. ئەم کۆڕبەندە هەوڵ دەدات بازرگانیی ئازاد، وەبەرهێنان و هاوکاریی ئابووریی نێوان ئەندامەکانی بەهێز بکات.

بیرۆکەی دامەزراندنی ئەیپێک بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ساڵی 1989 لەلایەن بۆب هۆک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئوسترالیا، لە وتارێکدا لە شاری سیۆلی کۆریای باشوور خرایەڕوو.

دە مانگ دواتر، نوێنەرانی 12 ئابووریی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن لە شاری کانبێرای ئوسترالیا کۆبوونەوە و ئەیپێکیان دامەزراند.

ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی ئەم کۆڕەبەندە بریتی بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، کەمکردنەوەی بەربەستەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و هاندانی گەشەی ئابووریی ناوچەکە.

ئەیپێک چەند ئەندامی هەیە؟

ئەیپێک ئێستا لە 21 ئابووریی پێکهاتووە کە پێکەوە زیاتر لە 60٪ لە بەرهەمی ناوخۆیی کۆی جیهان پێکدەهێنن و نزیکەی 2.7 ملیار کەس، واتە نزیکەی 40٪ـی دانیشتووانی جیهان، لە وڵات و ناوچەکانیاندا دەژین.

جگە لە ئەمەریکا، چین و ڕووسیا، ئەندامەکانی دیکە بریتین لە ئوسترالیا، برونای، کەنەدا، چیلێ، هۆنگ کۆنگ، ئەندەنوسیا، ژاپۆن، مالیزیا، کۆریای باشوور، مەکسیک، نیوزیلاند، پاپوا گینێی نوێ، پیرۆ، فلیپین، سەنگاپور، تایوان، تایلەند و ڤێتنام.

ئەیپێک وشەی 'ئابووری' لەبری 'وڵات' بەکاردەهێنێت، چونکە هۆنگ کۆنگ و تایوانیش کە وڵات نین ئەندامن تێیدا.

ئەیپێک چۆن کاردەکات؟

سەرکردەکانی ئەندامانی ئەیپێک ساڵانە لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە ئابووری و بازرگانییەکان.

لە ساڵی 1994، ئەندامەکان لە شاری بۆگۆری ئەندەنوسیا ئامانج کۆڕبەندەکەیان دانا بۆ ئازادیی بازرگانی و وەبەرهێنان تا ساڵی 2010 بۆ ئابوورییە پێشکەوتووەکان و تا 2020 بۆ ئابوورییە گەشەسەندووەکان.

بەڵام بڕیارەکانی ئەیپێک لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەر نین و جێبەجێکردنیان پشت بە هاوڕایی و خواستی ئەندامەکان دەبەستێت.

کۆبوونەوەی 2026 بۆچی گرنگە؟

چین لە بەرواری 18-19ـی یازدەی 2026 میوانداریی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەیپێک لە شاری شێنجێن دەکات، کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی تەکنەلۆژیا و ئابووریی چین.

ژیریی دەستکرد، زنجیرەکانی دابینکردن، کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان و سەرچاوەکانی وزە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەن.

هەروەها ململا‌نێی دەریای باشووری چین و کێشەی ئێران و پرسە ئاسایشییەکانی تر گرنگیی سیاسیی کۆبوونەوەکەیان زیاد کردووە.

لە هەمان کاتدا، چاوەڕوانیی کۆبوونەوەیەکی سیاسی سێقۆڵیی نێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا، چین و ڕووسیا لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرنجی نێودەوڵەتیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، هەرچەندە ئەیپێک لە بنەڕەتدا کۆڕبەندێکی هاوکاریی ئابوورییە.