هاوسەرۆکی دەم پارتی: سکرتارییەتی ئۆجەلان بەهێزتر کراوە

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، تونچەر بەکرهان، ڕایگەیاند ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و ئێستا بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە لە دۆخێکی باشتردا کاردەکات و "سکرتارییەتی بەهێز کراوە."

بەکرهان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پاریدا گوتی، '' ئەمە لێرەوە بە ڕوونی دەیڵێم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێراتر و کاریگەرتر کار بکات، سکرتارییەتەکەی بەهێز کرا. ئەمە یەکەم جارە ئەم زانیارییە ڕادەگەیەنین.''

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە یاسا و سیاسەت بخەنە شوێنی چەکدانان.

ئۆجەلان سەبارەت بە پڕۆسە نوێیەکە، لە مانگی دووی ساڵی 2025ـدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

حکومەتی تورکیا ناوی '' تورکیای بێ تیرۆر ''ـی لەم پڕۆسەیە ناوە و ڕایدەگەیەنێت کە گەورەترین پڕۆژەی سەدەی نوێی وڵاتەکەیە.

چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی تورکیا مانگی داهاتوو کۆمسیۆنێکی چاودێری و بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەکە پێکبهێنێت. هەفتەی ڕابردووش نوعمان کورتوڵموشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد و لەگەڵ بەرپرساندا سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو کۆمسیۆنە گفتوگۆی کرد.