پاپا لیۆی چواردەهەم، سەرۆکی کڵێسای کاسۆلیکی جیهان، دوای ئەوەی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پیرۆ کەسێک لە ناو جەماوەرەوە تەسبیحێکی فڕێدا و بەرچاوی کەوت، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە کاردانەوەی نیشان دا و لە کەسەکە خۆش بوو.
ڕووداوەکە لە کۆتایی گەشتەکەی پاپا بۆ ئەمەریکای باشوور ڕوویدا؛ کاتێک پاپای تەمەن 71 ساڵ بە ئۆتۆمبێلە سەرکراوە تایبەتەکەیدا بە ناو جەماوەرێکی زۆردا تێدەپەڕی، بۆ ئەوەی لە نزیک پایتەختی پیرۆ، شاری لیما، بەشداری ڕێوڕەسمێکی ئایینی بکات. لەو کاتەدا تەسبیحێک بەر خوار چاوی ڕاستی کەوت کە لە نێو جەماوەرەکەوە بۆی هەڵدرابوو. پاپا لیۆ لە شۆکدا دەستی بە دەمووچاوییەوە گرت بەڵام هیچ زیانێکی پێنەگەیشت.
ڕۆژی سێشەممە لە کاتی گەڕانەوەیدا بە فڕۆکە بۆ ڕۆما، پاپا لیۆ لە بارەی ڕووداوەکەوە بە گاڵتەوە گوتی، ''سۆز و خۆشەویستی خەڵکی پیرۆ، بەو کەسەشەوە کە بە باوەڕێکی گەورەوە تەنها ویستی تەسبیحێکم پێببەخشێت، شتێکە لە دڵدا هەڵدەگیرێت، ڕەنگە لە چاویشدا.''
بەپێی بەرپرسانی پیرۆ، نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەس لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە نزیک لیما بەشدارییان لە ماسەکەدا کردووە و نەتوانراوە بزانرێت کێ تەسبیحەکەی هەڵداوە.
خەڵکی زۆرجار تەسبیح، بووکەڵەی پەڕۆیی و جلی وەرزشی و شتی دیکە بەرەو پاپا هەڵدەدەن کاتێک لە ناو ئوتومبێلەکەیدایە و زۆرجاریش پاپا بە جووڵە خێراکانی و توانای گرتنەوەی جەماوەری سەرسام کردووە. بەڵام پاسەوانە تایبەتەکانی دەڵێن ئەم شتە هەڵدراوانە یەکێکن لە گەورەترین نیگەرانییە ئاسایشییەکان کاتێک پاپا لە شوێنە گشتییەکاندا دەردەکەوێت.
پاپا ڕۆژی سێشەممە دوای گەشتەکەی بۆ هەریەک لە وڵاتانی پیرۆ، ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای گەڕایەوە بۆ ڕۆما.