سوپای ئەمەریکا هێرشی درۆنەکانی ئێرانی بۆ سەر بەحرەین پووچەڵ کردەوە

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، چەند درۆنێکی ئێران کە ئاڕاستەی بەحرەین کرابوون، پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان ڕێگرییان لێکراوە و هیچ زیانێک بە کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا نەگەیشتووە.

سێنتکۆم لە ڕوونکردنەوەیەکدا بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە، کە ڕایگەیاندبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن سیستەمێکی ڕاداری سەربازیی ئەمەریکای لە بنکەیەک لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ئەو بانگەشەیەی بە "ناڕاست" وەسف کرد و ڕایگەیاند، چەند درۆنێکی هێرشبەر، کە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەرەو بەحرەین هاوێژرابوون، بە سەرکەوتوویی ڕێگرییان لێکراوە بەر لەوەی ئامانجەکانیان بپێکن.

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، هێرشەکە نەبووەتە هۆی هیچ زیانێک بە ئامێر و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هیچ سەرباز یان کارمەندێکی ئەمەریکاش بریندار نەبووە.

سێنتکۆم هەروەها جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکان "بەردەوام لە دۆخی هۆشداری بەرزدان" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی سەرکەوتنی هێرشەکەی کردووە، بەڵام سوپای ئەمەریکا ئەو بانگەشەیە بە هەڵبەستراو ناودەبات.