سعودیە دوای شکستە سەربازییەکان لە یەمەن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دەگۆڕێت

دووکەڵێکی چڕ لە شوێنێکەوە بەرز دەبێتەوە کە لە کاتی شەڕەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەنی پشتگیریکراو لەلایەن سعودیە و حوسییەکانی پشتگیریکراو لەلایەن ئێرانەوە، لە بەرەی جەبەل حان، لە ڕۆژئاوای شاری تەعز.

عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی دووشەممە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوان لە حکومەتی یەمەن گۆڕی، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی حوسیی پشتگیریکراو لەلایەن ئێرانەوە ناوچەی نوێیان لە درێژایی ڕێڕەوی دەریایی ستراتیژیی بابولمەندەب کۆنترۆڵ کرد.

میدیای دەوڵەت، بە ئاماژەدان بە فەرمانێکی پاشایەتی، ڕایگەیاند کە سەردار فەهد بن حەمەد بن عەبدولعەزیز سەلمانی لە پۆستەکەی لابرد کە لە 2014ـەوە لەو پۆستەدایە و کردوویەتی بەڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی وڵاتەکە.

ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردووەتەوە کە جەنەراڵ فەیاد بن حەمەد بن رەقەد ڕوەیلی دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ببێتە فەرماندەی نوێی هاوپەیمانان کە ساڵی 2015 دامەزراوە.

لە هەمان کاتدا هاوپەیمانی سەربازیی لە یەمەن، بە سەرکردایەتی سعودیە، ڕۆژی دووشەممە وتی ڕێگری لە دوو درۆن کردووە و تێکی شکاندوون کە لە لایەن حوسییەکانەوە بە ئاراستەی مەککە و ڕیاز هەڵدرابوون.

تورکی ئەلمالکی وتەبێژی هاوپەیمانان وتی کە هەردوو درۆنەکە تێکشکێنراون.

ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە حکومەتی یەمەن و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ناوچەی زۆریان لە دەوروبەری ڕاڕەوی دەریایی بابولمەندەب لەدەست دا.

حکومەتی یەمەن دانی بەوەدا نا کە لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە مانگی پێشوو لە دەوری فرۆکەخانەی شاری دحوداب و بابولمەندەب گرتبوونی، کە دەکەونە خۆرئاوای پارێزگای تەعز. حکومەت و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئەو ناوچانەیان لە دوای بەرپاکردنی هەڵمەتێک گرت کە ناونرابوو "ئۆپراسیۆنی کازیوەی یەمەن" لە پێنجی مانگی دەی ئەمساڵدا.

سەرهەنگ مەجید عەبدوڵا ئەلنازڵی، وتەبێژی هێزە سەربازییەکانی یەمەن، وتی کە هێزەکانی حکومەت لە بەرەکانی باشوور و باشووری خۆرئاوا "پێگەکانیان گۆڕیوە".

ئەلنازڵی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "گۆڕینی شوێن و جێگیرکردنەوەی یەکە سەربازییەکانی ئەو ناوچەیە، دوای ڕێکخستنەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەنجام دراوە، کە پشت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئۆپەراسیۆنی دەبەستێت و لەگەڵ هەڕەشە هەنووکەییەکان و پێشینەدان بە ئامانجەکاندا دەگونجێت."

هەروەها وتیشی کە هێزەکانی حکومەت بۆ شکاندنی ئابڵوقەی حوسییەکان لەسەر تەعز دەجەنگن کە سێهەم گەورەترین شاری یەمەنە. حوسییەکان لە ساڵی 2015ـەوە چواردەوری تەعزیان داوە و ڕێگە سەرەکییەکانی شارەکەیان بڕیوە، لەوانەش ئەو ڕێگەیەی دەیبەستێتەوە بە عەدەنەوە کە پێگەی حکومەتی فەرمیی یەمەنی لێیە.

میدیای حوسییەکان هەندێک وێنەیان بڵاوکردۆتەوە کە ئەو ناوچانە پیشاندەدەن کە تازە گرتوویانن لە نزیک فڕۆکەخانەی دحباب و لە چواردەوری بابولمەندەب. وێنەکان ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکاو و سوتاو دەردەخەن، و هەروەها چەکدارانی حوسیی کە بە سواری لۆری بەناوچەکەدا دەگەڕێن.

لە هەمان کاتدا، گروپی تیرۆریستی حوسییەکان ڕۆژی دووشەممە هاوپەمانێتی بەسەرکردایەتی سعودیەی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشی درۆن بۆ سەر سەنعای پایتەخت و پێکانی خەڵکی مەدەنی. وتەبێژێکی وەزارەتی تەندروستی گروپەکە بەناوی دکتۆر ئەنیس ئئەسبەعی وتی کە منداڵێک کوژراوە و حەوت کەسی مەدەنیش برینداربوون. هیچ پشتراستکردنەوەیەکی سەربەخۆی ئەو ڕووداوانە و قوربانیەکان نەکراوە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر حکومەتی یەمەن و سعودیە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هاتوچۆی دەریایی.

نازڵی دەڵێت ئاسایشی کەشتیوانیی لە گەروی بابولمەندەب پێویستی بە هەوڵی دەستەجەمعی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەیە.