کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە بارەگایەکی ئەو حیزبە لە دۆڵی بالیسان لە هەرێمی کوردستان بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، هێرشەکە لە دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و دوو مووشەک بەر دەروازەی دەرەوەی بارەگاکەیان کەوتوون.
کولاهدوزی گوتی, "هێرشەکە لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە بوو بۆ سەر پرسگەی بارەگاکەمان، واتا دەرگای دەرەوەی بارەگاکەمان لە دۆڵی بالیسان. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ نەکەوتووەتەوە."
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکێکە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگای هەیە.
هێرشەکە، کە گومان دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کرابێت، لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند گفتوگۆکان لەنێوان بەغدا و هەولێر و تاران سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، بەردەوامن و چەند بژاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە خراونەتەڕوو، لەوانەش دەرکردنی بڕیارێکی لێبوردن بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو حزبانە بۆ ئێران، بە مەرجی دابینکردنی زەمانەتی پاراستنی ژیانیان.