عێراق لەبەر "ئاسایشی نیشتمانی" تێلێگرام قەدەغە دەکات

حکومەتی عێراق ڕۆژی دووشەممە قەدەغەی بەکارهێنانی بەرنامەی تێلێگرامی لە وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەویش بە هۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە "ئاسایشی نیشتمانی" و پابەندنەبوونی کۆمپانیای بەڕێوەبەری بەرنامەکەبە یاسا و ڕێساکانی ناوخۆیی.

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە بە ڕێنمایی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەرکراوە، بەو پێیەی تێلێگرام هەنگاوی پیویستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی "نایاسایی" هەڵنەگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئوردنیش بڕیاری قەدەغەی تێلێگرامی ڕایگەیاند و وتی ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕێگریکردنە لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لەنێو خەڵکدا.

ئەم فەرمانە دوای سێ هەفتە لە هێرشێکی کوشندە بۆ سەر کڵێسایەک لە باشووری ئوردن و کەمتر لە دوو هەفتە دوای کوژرانی ئەفسەرێکی ئەمنی لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە پایتەختی ئەو ولاتەدا دێت.

تێلێگرام کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و هاوبەشکردنی فایلەکان و ناردنی نامە.

گروپە چەکدارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی هێرشەکانیان لە ئەپەکانی وەک تێلێگرام کەڵکیان وەرگرتووە. بەڵام تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هیچ کام لە دوو هێرشەکەی ئەم دواییەی ئوردن ڕانەگەیاندووە.

دەسەڵاتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە بلۆککردنی تێلێگرام بە ئامانجی ناچارکردنی کۆمپانیاکەیە بۆ پێداچوونەوە بەو ناوەڕۆکانەی کە لەلایەن بەکارهێنەرانی عێراقییەوە بڵاودەکرێتەوە و داوا دەکات ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان بگرێتەبەر. ئەو دامەزراوەیەی عێراق مۆڵەتی 30 ڕۆژی داوە بە تێلێگرام بۆ پابەندبوون بە مەرجەکان.



دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "تێلێگرام ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی کە سەرپێچی لەو ڕێسایانە دەکەن کە لەسەر پلاتفۆرمەکە بڵاودەکرێنەوە و پابەند نەبوون بە یاساکانی عێراقەوە."

پێشتر عێراق لە ساڵی 2023 بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی تێلێگرامی داخست، بەڵام دوای هەفتەیەک قەدەغەکەی لابرد و ئەو کات ڕایگەیاند تێلێگرام وەڵامی داواکارییەکانی دەزگا ئاسایشییەکانی عێراقی داوەتەوە.