ئیسرائیل سەرکردەیەکی سەربازیی باڵای حەماس دەکوژێت

ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند هێزەکانی توانیویانە سەرکردەیەکی سەربازیی حەماس بپێکن. حەماسیش کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی لە غەززە پشتراستکردەوە.

سەمیر ئەبو یونس کە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پلاندانانی هێرشەکانی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 کە لەلایەن حەماسەوە کرانە سەر ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە کوژرا، ئەمەش بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامیی فەیلەقی ئەلقاسم.

هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاژانسی ئاسایشی ناوخۆیی، شەبات، رایانگەیاند "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و ئاژانسی ئاسایشی ناوخۆ تیرۆریستێکی باڵای باڵی سەربازیی حەماسی پێکاوە ."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە یونس دوو مانگ لەمەوبەر فەرماندەیی فەیلەقی ئەلقاسمی لە ڕەفەح گرتۆتەدەست، لەپاش کوژرانی فەرماندەی پیشتر لە مانگی نۆدا."

هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتباریانکردووە کە فەرمانی هێرشکردنە سەر سەربازە ئیسرائیلییەکانی دەرکردووە.

فەیلەقی ئەلقاسم لە پۆستێکیدا لە تێلیگرام نوسیویەتی "ئەو دوێنی ئێوارە کوژراوە... لە ئۆپراسیۆنێکی تیرۆریستیی ترسنۆکانەدا."

دەوترێت کە یونس "لە هەرە گرنگترین فەرماندەکان بووە کە تێوەگلابوون لە پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی هێرشەکانی 7 ئۆکتۆبەر."

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە کەمێک دوای نیوەشەو یونس لە هێرشێکدا کوژراوە "کە کەمێک پشتر لە ئەلماوەسی خۆرئاوای خان یونس کرابوو بە ئامانج."

مەحمود باسل ی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە بە هەمان ئاژانسی ڕاگەیاندووە کە تەرمی یونسی 53 ساڵیان بەدەست گەیشتووە لەگەڵ دوو کەسی تر کە لە هەمان هێرشدا بریندار بوون.