دادگایەکی ڕووسیا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر چالاکوانێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ڕووسیاییدا دەسەپێنێت

دادگایەک لە شاری ئولان-ئودێی ڕووسیا، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ماریا ڤیوشکۆڤا، ژنە چالاکەوان و توێژەری دانیشتووی ئەمەریکادا سەپاند، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بە ئەنقەست" لەبارەی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا.

ڤیوشکۆڤا بە بەشی ڕووسیی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە ''ئەم جۆرە ستەمە لە ئامادەنەبوونی خۆیدا و دواتر هەوڵدان بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئەو خزم و کەسانەی کە لە ڕووسیا ماونەتەوە''، ئێستا زیاتر تەشەنەی سەندووە.

ئەم دۆسیەیەی دادگاکە پەیوەندی بە توێژینەوەیەکی ڤیوشکۆڤاوە هەیە سەبارەت بە کوشتنی سەدان هاووڵاتی مەدەنی لە شاری بوچای ئۆکرانیا لە مانگی سێی ساڵی 2022 دا. ڕووسیا بەردەوام هەموو جۆرە تێوەگلانێک لە کوشتارەکاندا ڕەتدەکاتەوە و بەڵگەکان بە ''دروستکراو و سیناریۆ'' ناودەبات.

لەو کاتەدا هەندێک لە ڕاپۆرتە میدیاییەکان پەنجەی تۆمەتیان بۆ سەربازانی '' بوریات '' لە ناو سوپای ڕووسیادا درێژ دەکرد وەک بەرپرسی ئەو ڕووداوانە. بوریاتەکان گەلێکی ڕەسەنن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە باشووری سیبیریا لە نزیک سنووری مەنگۆلیا دەژین.

ڤیوشکۆڤا، کە خۆشی بوریاتە، بەڵگەی هێنابووەوە کە لە کاتی کوشتارییەکاندا هێزە پەڕەشووتەوانەکانی ڕووسیا لە شاری پسکۆڤـەوە لە بوچا بوون. بەپێی میدیای سەربەخۆی گلاسنایا، دادگاکە ڕایگەیاندووە کە بۆی دەرکەوتووە لێدوانەکانی ناوبراو لە ڕق و کینەی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

ڤیوشکۆڤا، کە هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی ڕووسیا و ئەمەریکایە، یەکێکە لە هاودامەزرێنەرانی دامەزراوەی بوریاتیای ئازاد کە لە ڕووسیا وەک ڕێکخراوێکی '' نەخوازراو، تیرۆریستی و توندڕەو '' ناسێنراوە.

لە مانگی چواری ساڵی 2026 دا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ناوی ڤیوشکۆڤایان خستە ناو تۆماری ''بریکارە بیانییەکان'ەوە، هەروەها لە مانگی حەوتیشدا وەزارەتی ناوخۆ ناوی خستە لیستی داواکراوانەوە.

ڤیوشکۆڤا، کە لە ئەمەریکا دەژی و چەندین ساڵە گەشتی بۆ ڕووسیا نەکردووە، دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بووە بە گرنگیدانی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بە چالاکییەکانی.

ڤیوشکۆڤا وتی پێیوایە ''ئەمە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورە و ڕێکخراو دژی چالاکەوانانی گرووپە نەتەوەییە هەرێمییەکان، چونکە ئەم دۆسیەیە لە هاوینی 2026 دا لەسەر چاوپێکەوتنێک دژی من کراوەتەوە کە لە هاوینی 2023 دا ئەنجامم دابوو.''

ڤیوشکۆڤا دەڵێت بەنیازە بە تەواوی سزاکەی دادگا پشتگوێ بخات و بە دەنگی ئەمەریکای گوت ''دان بە هیچ مافێکی دەسەڵاتدارانی ڕووسیادا نانێم بۆ ئەوەی دادگاییم بکەن، تۆمەتبارم بکەن بە شتێک، یان حوکمم بەسەردا بدەن.''